کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژكاری خامنەیی، دوژمنایەتیی كۆماری ئیسلامیی لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند

20:18 - 8 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری نێونەتەوەیی، جارێكی دیكە دژایەتیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی بەرامبەر بە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی ڕووداو، ویلایەتی لە پەراوێزی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی مەترسیی گرووپە تەكفیرییەكان بۆ جیهانی ئێستا كە لە ئانكارا، پێتەختی وڵاتی توركیە بەڕێوەچوو، لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی قسەكانی وەزیری دادی ئیسرائیل لەسەر پێویستیی دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان لە نێوان ئێران و توركیەدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل هیچ كات بەو ئامانجەی ناگات.

ویلایەتی هەروەها ڕایگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل دروستكردنی ئیسرائیلی دووەم و سێیەم لە ناوچەكە و پارچە پارچەكردنی وڵاتانی ناوچەكەیە.

ڕاوێژكاری ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بۆ كاروباری نێونەتەوەیی لە درێژەی قسەكانیدا، دژایەتیی خۆی لەگەڵ دابینبوونی مافەكانی گەلی كورد لە توركیاش ڕاگەیاند و گوتی: توركیە وڵاتیكی گرینگی جیهانی ئیسلامە و ئێران دژی پارچە پارچەبوونی توركیەیە و توركیەش ڕێگە بەم پرسە نادات و ئەركی هەمووان بەرگری‏كردن لە خاكی توركیەیە.

ویلایەتی وێڕای شاردنەوەی ئەو ڕاستییە كە سەربەخۆیی كوردستان ویستێكی ڕەوا و دێموكراتیكی نەتەوەی كوردە و پێوەندیی بە هیچ لایەنێكی دەرەكییەوە نیە، وڵاتی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار كرد كە بە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان: بەنیازی دزەكردنە بۆ ناو جیهانی ئیسلام، بەڵام بەو ئامانجەی ناگات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزیری دادی ئیسرائیل، پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەوڵەكانی گەلی كورد بە ئامانجی پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ڕاگەیاندبوو.