کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی چواردەهەمین کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە فینلاند

12:32 - 14 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ هەتاوی چواردەهەمین کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی "ئەلبۆرز ڕووئین‌ تەن" نوێنەری ناوەندی سیاسیی حیزب، لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە و هەروەها بە بەشداریی "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات و "فازڵ سوڵتان پەنا" نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن و بەشداریی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند لە شاری "ڤانتا"ی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە، بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و چەن ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنفڕانسەکەوە، دەنگی مەشرووعییەت بۆ کۆنفڕانس وەرگیرا و ئەندامان بە تێکڕا، دەنگیان بە مەشرووعییەتی کۆنفڕانس دا.

دواتر بەهۆی هاوکاتبوونی کۆنفڕانسەکە لەگەڵ ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پێشنیار کرا ناوی کۆنفڕانس بکرێت بە "کۆنفڕانسی شەهیدانی کوردستان" و بەشداربووان بە تێکڕای دەنگ ئەم پێشنیارەیان پەسند کرد.

کۆنفڕانسەکە بە وتەیەکی کورت لەلایەن "پەژارە سۆڵتانی" وەکوو کچە شەهیدێک دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی دیکەی"کۆنفڕانسی شەهیدانـ"ـی کۆمیتەی فینلانددا، "ئەلبورز ڕووئین تەن" نوێنەری ناوەندی سیاسیی حیزب، لە ڕێگای "سکایپـ"ـەوە بەشداریی کرد و بەم بۆنەوە چەن وتەیەکی پێشکەش کرد.

"ڕووئین‌تەن" بەبۆنەی بەستنی کۆنفڕانسی کۆمیتەوە پیرۆزبایی لە ئامادەبووان و هەموو ئەندامانی حیزب لە فینلاند کرد و بەشداریی ئەندامانی حیزبی لەو کۆبوونەوەیە و چالاکییەکاندا بە هەنگاوێکی پێویست و گرینگ لە قەڵەم دا و بەرزی نرخاند.

ناوبراو ئاوڕی لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دایەوە و خەباتی نەتەوایەتی‌، لەخۆبردوویی و گیانفیدایی پێشەوا و هاوڕێیانی بەرز نرخاند و وتی: "سەری ڕێز لە بەرانبەر خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازەکەیان نوێ دەکەینەوە".

لە درێژەی وتەکانیدا "ڕووئین تەن" وێڕای ئاماژە بە باسەکانی ڕۆژ و ڕووداوەکان لە ئاستی جیهان و ناوچەدا بە کورتی سەبارت بە هێرشی هەمەلایەنەی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین، باسی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و وتووێژەکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو سەبارەت بە وتووێژەکانی ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ٥ کۆ ١ بۆ بەشداران دوا و باسی لەوە کرد کە ڕاستی ئەوەیە کە چ ڕێککەوتن بکرێت و چ نەکرێت، ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی خۆی بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بەردەوام دەبێت و هەروەها درێژە بە سیاسەتی ئاژاوە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەدات.

هەروەها لە ئەگەری ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بە نووسین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕێک بکەوێت و گەمارۆوەکان لەسەر ئەو ڕێژیمە هەڵبگیرێن، بەکردەوە هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر ژیانی خەڵک درووست ناکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی حیزب لە دەرەوەی وڵات، چەن وتەیەکی پێشکەش کرد.

"عەبداڵی" سەرەتای وتەکانی بە یادکردنەوە لە شەهیدانی کوردستان دەست پێ کرد و خەبات ‌و قوربانیدانی شەهیدانی کوردستانی بەرز نرخاند و هەروەها بە ڕێزەوە یادی شەهید "لوقمان مێهفەر" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی کرد.

ناوبراو وێڕای پیرۆزبایی کۆنفڕانس لە ئەندامانی حیزب لە فینلاند، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سپاسی بەرپرسانی کۆمیتەی گشتیی حیزبی کرد کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وێڕای لە ئارادابوونی پەتای کۆرۆناوە، تا ئەو جێگایەی بۆیان کراوە درێژەیان بە کار و چالاکییەکانیان داوە.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی کۆمیتە و چالاکیی کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات کرد و لەسەر ماف و ئەرکەکانی ئەندامانی حیزبیش دوا.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە پێکهاتە و سیستمی نوێی حیزب کە لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبدا پەسند کراوە بە کورتی بۆ بەشداران دوا و ئەزموون و شێوەی کارکردنی بەم سیستمە بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە.

"عەبداڵی" هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتی رێکخستن ‌و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەشکیلاتی حیزبەوە، بۆ ئەندامانی کۆنفڕانس چەن ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەش کرد.

دوتر پەیام و ڕاپۆرتی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە فینلاند لەلایەن "کەریم حەبیبیـ"ـ‌یەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی کۆمیتەی گشتیدا بۆ کۆنفڕانس "حەبیبی" وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە بابەتەکانی ڕۆژ، ڕاپۆرتێکی لەسەر کار و چالاکییەکانی کۆمیتە پێشکەش کرد.

لە ڕاپۆرتی کۆمیتەدا، کار و چالاکیی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمیتە باسیان لێ کرا و پاشان پێشنیاری چالاکییەکانی کۆمیتەی خرایە بەر باس.

پاشان ڕاپۆرتی بەشی ماڵیی کۆمیتە لەلایەن "عەلی مواردیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانسدا، بەشدارانی کۆنفڕانس تێبینی، ڕوونکردنەوە و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان لەسەر ڕاپۆرتی کۆمیتە و هەروەها لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بە حیزبەوە هێنایە بەر باس و لەلایەن "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە دەرەوەی وڵات و هەروەها لەلایەن "کەریم حەبیبیـ"ـیەوە وەڵامی پێویستیان درایەوە.

لە بەشی کۆتایی کاری کۆنفڕانسدا، لەژێر چاودێریی و بەرپرسایەتیی "فازڵ سۆڵتان‌پەنا" نوێنەری دەزگای هەڵبژاردنی حیزب و "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵاتدا، پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتە لە کەشوهەوایەکی ئازاد و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو و دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمیتەی گشتیی فینلاند هەڵبژێردرا.