کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی میر تەحسین بەگ

13:17 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی میر تەحسین بەگ، میری پێڕەوانی ئایینی ئیزدی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی کۆچی دوایی میر تەحسین بەگ، میری پێڕەوانی ئایینی ئیزدی

وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆمان بۆ لە دەستچوونی ئەم کەسایەتییە ناسراوە، سەرەخۆشی لە پێڕەوانی ئایینی ئیزدی بەگشتی، بنەماڵەی بەڕێزی، خزم و نزیکانی بە تایبەتی دەکەین و خۆمان لەو خەمەدا بە هاوبەشیان دەزانین.

میر تەحسین بەگ، کەسایەتێکی ئایینی و کوردپەروەر بوو کە تەمەنی خۆی لەپێناو ڕێنمایی کردنی خوشک و برا ئیزدییەکانمان تێپەڕ کرد و لە هەمان کاتدا کەسایەتێکی نیشتمانی و کوردپەروەر بوو کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستاندا دەورێکی بەرچاوی گێرا، بە تایبەت لە کاتی قەڵاچۆکرانی  ئیزدیەکان لە شەنگال هاواری مەزلوومیەتی پێڕەوانی ئەو ئایینە بوو و لەو بارەوە دەورێکی کاریگەری گێڕا. بێگومان لە دەست چوونی ئەو کەسایەتیە بۆ هەموو لایەک خەسارێکی گەورەیە.

ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی دەربڕینی خۆی سەبووری بۆ هەموو خەمهەڵگرتووانی کۆچی دوایی ئەو گەورە کەسایەتیە بە ئاوات دەخوازێ.

ڕۆحی شاد بێ

ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٨ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی