کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت دەسبەسەرکرانی لاوانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە

17:39 - 17 پووشپەڕ 2720

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەنیسبەت پەلاماردان و گرتنی لاوانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتی لە سەر پەلاماردان و گرتنی لاوانی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاڵاوی بەربڵاوی چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر لاوانی کوردستان لە بەرەبەری٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی تێرۆری پێغەمبەری ئاشتیدا، پاتەی هەموو ئەو زەبروزەنگ و سەرکوتە پێش وادانەن کە سەرچاوەکەی ئەو ترس و زراو و تۆقینەی کۆماری پەت وسێدارەیە؛ لە هەڵوێستی نەگۆڕی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەهەمبەر غەدر و خیانەت و داگیرکارییەکانی دەسەڵاتی نگریسی ئەم ڕێژیمەیە.

هەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دوژمنی داگیرکەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوە باش دەزانن سەرەڕای چوار دەیە سەرکوت و خۆسەپێنی، دەسەڵاتی ڕێژیم نەیتوانیووە دەست بە سەر ئیرادەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ئێرانی گیرۆدەی پەتای ڕێژیمی پاشکەوتووی ویلایەتی موتلەقەی فەقیهدا بگرێ.

هەر بۆیە ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای زاڵبوون بە سەر ترس و دڵەڕاوکییەکانیدا، پەنا دەباتە بەر دڕترین ئاڵقە لەگوێیەکانی بۆ پەلاماردانی لاوانی نیشتمان و نەتەوە خۆشەویستی گەلەکەمان و بە ئازاردان و هەڕەشە و لێدان پەلکێشی گرتنگەکانی سپای تێرۆریان دەکەن .

لەم ڕۆژانەدا و لە بەرەبەری یادی شەهیدکرانی ڕێبەری لێوەشاوەی بزووتنەوەی گەلەکەمان لەسەر مێزی وتووێژ بۆ ئاشتی لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شاڵاوێکی بەربڵاویان بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە زۆربەی شا رو گوندەکانی کوردستاندا دەست پێکردووە  و دەیان کەسیان بە بەرچاوی پیر و منداڵی بنەماڵەکانیانەوە بە بێڕێزی و زەبروزەنگەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگە نادیارەکانی سپایان ڕاگواستوون.

با دەسەڵاتدارانی ناشەرعیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و حکوومەتی خۆسەپێنی تاران وەبیر خۆیان بێننەوە کە دووپاتەکردنەوەی تاوانە بێ‌ئەژمارەکانیان لە کوردستان ناتوانێ گەلێک بەچۆک دابێنێ کە خوێنی ڕۆڵە و ڕێبەری وەک دوکتور قاسملووی له ٢٢ی پووشپەڕدا کردووەتە نرخی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەی و خەڵکی کوردستان لێبڕاون هەتا بەچۆک داهێنانی دەسەڵاتی نگریسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و درێژەدەری خەبات و تێکۆشان لە ڕێبازی ڕێبەری شەهیدیان دان.

هەر بەو بۆنەیەوە داوا لە بیروڕای گشتیی کۆمەڵگای جیهانی و چاودێرانی مافی مرۆڤ دەکەین لەهەمبەر تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر خەڵکی کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵویست نەبن. لەقاوی بدەن، ناڕەزایەتی دەربڕن و مەحکوومی بکەن.

سەرکەوێ خەباتی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئامانجەکانی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوودا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 دەزگای ڕێکخستنی گشتی

۱۷ی پووشپەڕی١٣٩٩ی هەتاوی