کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی سی و یەکەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو

11:58 - 21 پووشپەڕ 2720

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی سی و یەکەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەڕێز!

خوازیاران و ئۆگرانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ!

ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی نەتەوەی کورد!

ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور قاسملووی نەمر!

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سی و یەک ساڵ بەسەر تێرۆری دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەدەستی ڕێژیمی تێرۆریست و تێرۆرپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێت، تێرۆرێک کە زامێکی قووڵ و بەژانی خستە سەر جەستەی بزووتنەوەی ئازادی و دێموکراسیخوازی بەگشتی و جەستەی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، زامێک کە پاش سی و یەک ساڵ هێشتا هەر بەژانە و ساڕێژبوونەوەی بۆ نییە. دوکتور قاسملوو هەر لە زووەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەدەفی لەنێوبردن و تێرۆریزمی ئەو ڕێژیمە بوو، چوونکە ئەو ڕۆڵەیەکی کورد و ڕێبەرێکی لێهاتوو و دەگمەنی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد و سیاسییەکی ناسراو لە ئێران و ناوچە و جیهان بوو کە وەک  دێموکراتێکی واقعیی باوەڕمەند بە دێموکراسی، دادپەروەری، مرۆڤتەوەری و لایەنگری ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان ناوبانگی دەرکردبوو و لە هەمان کاتیشدا بەرگریکارێکی شێلگیری مافی نەتەوایەتیی کورد و ڕێبەرێکی بلیمەتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو؛ ئەو تایبەتمەندییانە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی مرۆڤدۆستانەی دیکە بوون کە سیمای سیاسی و خەباتکارانەی دوکتور قاسملوویان پێک دەهێنا، دوکتور قاسملوو دژ بە هەر جۆرە دیکتاتۆرێک و چەوسانەوەی مرۆڤەکان بوو کە ئەوەش وێڕای سەرجەم تایبەتمەندییە بەرزەکانی دیکەی نەتەنیا لەگەڵ نێوەڕۆکی دژی ئینسانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناتەباییدا بوون، بەڵکوو بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر درێژەی دەسەڵاتی زاڵمانەی ئەو ڕێژیمە دادەنرا.

ئەوە تەنیا باوەڕەکانی دوکتور قاسملوو نەبوون کە بە مەترسییەکی گەورە بۆ ڕێژیم ئەژمار دەکرا، بەڵکوو قاسملوو ڕێبەرایەتیی بزووتنەویەکی بەهێزی کوردی بۆ دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی دەکرد کە هەم ورەبەخشی پێشمەرگە و دەنگی حەقبێژی نەتەوەی ماف پێشێلکراوی کورد بوو، هەم سیاسەتمەدار و خەباتگێڕێکی بەکردەوە، بە مانای تەواوی وشە بوو. بۆیە هەروەک ئاماژەی پێکرا، هەر لە زووەوە بۆ پیلانگێڕیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بە هەدەف، بەڵام ئەوکات کە لە باوەشی شاخ و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی دێموکراتدا بوو، هەرگیز ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەزگا تێرۆریستییەکانی دەستیان وێڕا نەگەیشت، بەڵام تا ئەوکات کە بە خراپ کەڵک وەرگرتن لە هەستی ئاشتیخوازی و چارەسەری هێمنانەی مەسەلەی کورد بە ڕواڵەت بۆ وتووێژ لەسەر داخوازییەکانی کورد لە کوردستانی ئێران لە پشت مێزی بەناو وتووێژ و لە وڵاتێکی ئورووپایی وەک ئۆتریش دەرفەتیان لێی هێنا و لە ڕێکەوتی ١٣ی ژووئییەی ١٩٨٩ی زایینی شەهیدیان کرد.

بەداخەوە دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش لەپێناو هێندێک تێبینیی سیاسی و بەرژەوەندیی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێگای نەدا پەروەندەی ئەم تێرۆرە ڕەوتی ئاسایی و یاسایی خۆی بپێوێت و دەستووردەران و قاتڵانی دوکتور قاسملوو بە بیروڕای گشتیی جیهانی بناسێنێت، ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە پۆلیسی ئەو وڵاتە چەند بەڵگەی ڕوون و حاشاهەڵنەگری لەدەستدا بوو کە دەیتوانی بە زوویی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک قاتڵی دوکتور قاسملوو بناسێنێت و ماشینی تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر نەبێت لە ئورووپا بووەستێنێت، کارێک کە دەزگای دادوەریی ئاڵمان پاش تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی جێگر و جێگرەوەی بەوەجی دوکتور قاسملوو بوێرانە بە ئەنجامی گەیاند و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک دەستووردەر و ئەنجامدەری تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی بە جیهانییانی ناساند، لە سی و یەک ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوودا جارێکی دیکە داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆست و دامودەزگا شویندانەرەکانی جیهان دەکەین دەوڵەتی ئۆتریش بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بدات پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو بکرێتەوە و بەم کارە هەم قەرەبووی ڕابردووی بکاتەوە و هەم هەڵوێستی نەشیاوی دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش و ناسەربەخۆیی دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە لەژێر پرسیار دەرباز بکات.

کۆمەڵانی ئازادیخواز، ڕێبوارانی شێلگێری دێموکرات!

هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا کەلێنی نەبوونی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە زیندوو بوون و پڕ ڕێبواربوونی ڕێبازی دوکتور قاسملوو دەتوانین دڵنیا بین کە قاسملوو لە بیر و باوەڕدا هەر زیندووە و بیر و بۆچوون و سیاسەت و وردبینییەکانی هەروا چرای ڕووناکیدەری ڕێگای خەباتمان تا سەرکەوتنمانە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر توانی جەستەی قاسملوو لە باوەشی کورد و ئازادیخوازان دەربێنێت هرگیز نەیتوانیوە و ناتوانێت ڕێباز و بیر و هزر و ڕێنوێنییەکانی قاسملوو لە کورد و حیزبەکەی دوور بکاتەوە، لە سی و یەک ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوودا ئەوجارە و هەموو جارێکی دیکەش لەگەڵ بیر و ڕێبازی دوکتور قاسملوو پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا سەر تا سەرکەوتن، ڕێبواری شێلگێری ئەم ڕێگایە دەبین و ڕۆحی قاسملووی ڕێبەر شاد و لە خۆمان ڕازی دەکەین.

سڵاو لە گیانی پاک و ڕێبازی دێموکراسی و مرۆڤدۆستانە و کوردپەروەرانەی دوکتور قاسملوو؛

پڕ ڕێبوارتر بێت ڕێبازی دوکتور قاسملوو لەپێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنەمان و هەموو شەهیدانی کوردستان؛

سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی