کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەرحەق بە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی ئێران

23:25 - 4 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لە پێتەختی ئێران و چەندین شاری دیکە کە ئەمڕۆ ٤ی پووشپەڕ بەڕێوە چوو، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران 

هاونیشتمانیای بەڕێز

کۆمەڵانی خەڵکی مافخوازی ئێران 

ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و لە ئیعتراز بە سیاسەتە دژە مرۆڤییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە دانیشتوانی وڵاتەکەمان و بەردەوامی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئازار و ئەشکەنجە و زیندانی کردن و ئێعدامی هاونیشتمانیان، هەروەها خراپتر بوونی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک، پەرەگرتنی بێکاری و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دەست و تاقمە تێرۆریستییەکان لە ناوچە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١٨/٦/٢٥ی زایینی خەڵکی شاری تاران ڕژانە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و بە دژی دەسەڵاتی دواکەوتووانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمیان دا. 

ئەو حەرەکەتە لە ماوەیەکی کورتی چەند کاتژمێریدا شارەکانی کرماشان، بێهشەهر، قشم و کەرەجی گرتەوە و ئەو ڕەوتە هەروا ڕوو لە تەشەنەکردن و پەرەئەستاندنە و درووشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "نەمان بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهی"، "دۆلاری دەهەزار تمەنیمان ناوێ" پەیکەری ڕێژیمی لە تەواوییەتی خۆیدا وەلەرزە خستووە. 

ئەو حەرەکەتانە و ئەو درووشمانە دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە خەڵکی ئێران لێبڕاون لە ڕزگاربوون لە دەست ئەو ڕێژیمە دژی ئێران و ئێرانییە. ئەوەش کاتێک دێتەدی کە ئەو حەرەکەتانە بەردەوام و پەرەگرتوو بن و هەموو یان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی وڵات بگرێتەوە و بە یەکگرتوویی، هاوئاهەنگی و یەکدەنگی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆیان بەرەو سەرکەوتن بەرن. لەو پێوەندییەدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ستەمی دووقات و چەند قاتیان لەسەر بووە و لە هەموو بارێکەوە هەڵاوێردراون و لەگەڵ بەشمەینەتی بەرەوڕوو کراون، باشتر لە نێوەڕۆکی کۆنەپەرستانە و دژی گەلیانەی ڕێژیم گەیشتوون و ئازاری ستەمی ئەو ڕێژیمەیان لە هەموو بوار و لایەنەکانی ژیاندا بە ئێسک و پێست چێشتووە؛ بێگومان لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا باش دەزانن چۆن هەڵسووکەوت بکەن و بە چ شێوەیەک ڕەوتی خەباتی چل ساڵەیان دژ بەو ڕێژیمە بپێون و چۆن دەنگیان تێکەڵ بەم دەنگە مافخوازانەی خەڵکی سەرانسەری ئێران بکەن. 

لەو پێوەندییەدا دڵنیاین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هەست بە بەرپرسایەتیکردن هەرکام لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی خۆیانەوە ڕێنوێنی پێویست دەدەن و لە پێکهێنانی یەکدەنگی و هاوهەنگاوی لە کوردستان یارمەتیدەر دەبن.

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی لەم حەرەکەتە مافخوازانەیەی شارەکان لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان داوای یەکگرتوویی و یەکدەنگی لە خەڵکی سەرجەم شارەکانی وڵات دەکات و دڵنیایە بە حەرەکەتی یەکپارچە و ڕاپەڕینی سەرانسەری سێبەری شوومی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر خۆیان و لەسەر ئێران لادەبەن.

سەرکەوێ خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی ئێران 
نەمان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندیی سیاسی

١٣٩٧/٤/٤ی هەتاوی 
٦/٢٥/ ٢٠١٨ی زایینی