کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژاوای کانادا پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران کرد

16:35 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: خۆپێشاندانێکی جەماوەریی بەشکۆ بەبەشداریی دەیان کەس لە کوردستانییانی ڤانکۆڤەر بە هاوئاهەنگی ماڵی کورد و ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوەندی شاری ڤانکۆڤەر بەڕێوە چوو.

ئەم خۆپیشاندانە لە ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی سەرماوەز و بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" دەستی پێکرد.

پاشان وتاری ماڵی کورد بە دوو زمانی ئینگلیسی و کوردی پێشکەش کرا.

لە وتارەکەی ماڵی کورددا، وێڕای دەربڕینی هاودەنگی و پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ناوخۆ و مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئێسلامی لەمەڕ سەرکوت و کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتییانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت لە سەر گەیاندنی دەنگی کپکراوی گەلی بەش مەینەتی کوردستان و ئێران بە گوێی وڵاتانی دەرەوە کرابوو.

دواتر، پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستانی ئێران و ڕاگەیەندراوی "یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خوێندرایەوە.

درێژەی خۆپێشاندانەکە بە شێوەی ڕێپێوان لە ئاڕت گالری بەرەو دەنگوڕەنگی کانادا (CBC) بە گرتنی شەقامەکان و درووشم دان بوو کە جێگەی سەرنجی خەڵکی دانیشتووی ڤانکۆڤەر و ڕێبواران بوو.

لەو خۆپێشاندانەدا ژمارەیەک لە بەلووچەکانی دانیشتووی ڤانکۆڤەریش بەشدار بوون.