کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە هۆلەند بەڕێوە چوو

11:47 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژی ئاڵای کوردستان بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە شاری "ئارنهێم" لە وڵاتی هۆلەند بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی هۆلەند بە "سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پێشەکی وەک خانەخوێ، "پارتی دێموکراتی کورد" لە سووریە، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان،  باسێکی لەسەر ڕۆژی ئاڵا پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

 لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان، لەلایەن "حەسەن مەجیدی"، بەرپرسی کۆمیتەی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە هۆلەند، پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

ناوبراو لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئاڵا مڵکی هیچ لایەنێک نییە، بەڵام شانازییەکەی بۆ دامەزرێنەرەکەی کە حیزبی دێموکراتە دەگەڕێتەوە، حیزبێک کە لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ تا بە ئێستا توانیویەتی ئەم ئاڵایە بە ئەمانەتەوە بپارێزێت و بۆ شەکاوە ڕاگرتنی، ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە.

"مەجیدی" لە کۆتایی وتارەکەیدا، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی، وەک ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، لە گەلی کورد بەگشتی و لە دامەزرێنەرانی بەتایبەتی، پیرۆز کرد.

 ڕێوڕەسمەکە بە چەند گۆرانیی هونەرمەند "خەیرۆ" کۆتایی پێهات.