کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە وڵاتی بلژیک بەرز ڕاگیرا

12:07 - 13 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی بلژیک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار چالاکیی بەرینیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی بلژیک، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، بە مەبەستی ناساندنی پرسی کورد بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بەتایبەت و هەروەها ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەسەر بارودۆخی نالەباری کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن سپای تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە گەلی کورد، چالاکییان بەرێوە برد.

بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک، نووسراوەیەکی تایبەتیان بە زمانی ئینگلیزی، لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خەباتی نەتەوەیی – دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماکانی خەبات و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دۆخی نالەباری کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد کە ڕۆژانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان دەکوژرێن و بریندار دەکرێن، بڵاو کردەوە.

 هەروەها بە مەبەستی دژکردەوە لە هەمبەر گرتن و ئێعدامکردنی زیندانییانی سیاسیی کورد لە کوردستان، بارودۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ١ی مەی، لە شاری برۆکسێل، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییەکی چالاکانەیان کرد.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، پلاکاردی تایبەت بە وێنەی کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد و بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەکی تایبەت، سەرنجی زۆربەی بەشداربووانیان  بەرەو لای خۆ راکێشا.