کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی خوێندکاری کورد لە "دانمارک" بەرز ڕاگیرا

11:45 - 11 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "دانمارک"  بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی "خوێندکاری کورد"، وێبینارێکی لەژێر ناوی" پەیوەندی و کارتێکەریی بزووتنەوەی ڕەوشنبیری و جۆڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان" بۆ "جەماڵ فەتحی" سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا.

سەرەتای وێبینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ٤٧-٤٦ دەستی پێ کرد.

پاشان  "سەربەست ئورمیە" بەرپرسی بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی "دانمارک" وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان لەو وێبینارە و هەروەها بەرزنرخاندنی ئەو ڕۆژە، وێبینارەکەی دەست پێکرد و داوای لە "جەماڵ فەتحی" کرد کە باسەکەیان پێشکەش بکەن.

"جەماڵ فەتحی" بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ئەو ڕۆژە و شۆڕشەکانی گەلی کورد و چەمکی "ڕەوشنبیری" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد.

ناوبراو بە وردی باسی لە شۆڕش و خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات کرد کە هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو ئەمڕۆ بە چەندین قۆناغی جیاوازەوە شۆڕشگێڕانی گەلی کورد بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ٤٦ -٤٧ بەڕێوەیان بردووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی دا بە ڕێکخراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی و خوێندکارانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی کە لەگەڵ چ کێشەگەلێک بەرەوڕوون.

لەنێوئاخنی بەرنامەکە سروودی خوێندکاری کورد پێشکەش کرا.

وێبینارەکە بە تێبینی و پرسیاری بەشداربووان و هەروەها وڵامدانەوەی "جەماڵ فەتحی" کۆتایی پێ هات.