کوردستان میدیا: لە دوو شاری ئاڵمان یادی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە، ۱۱ی خاکەلێوە، لە شاری بێرلین، کۆڕێکی تایبەت لە لایەن کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئاڵمان و بە هاوکاریی هەر دوو کۆمەڵەی زۆزک و جڤاکی کورد، بۆ تێکۆشەری دێرین ''حاجی جوندی ''، بە بۆنەی یادی ١٠ی خاکەلێوە بەڕێوە چوو.
لەو کۆڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەشدارییان کرد و کۆمیتە ناوچەی بێرلینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەڕێوەبردنی کۆڕەکەدا ڕۆڵی چالاکیان گێڕا.
هەرهەمان ڕۆژ، لە شاری ئێسێن-یش، بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕێورەسمێکی تایبەت لە لایەن ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد و دواتر خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا، وێڕای پەیامی لایەنە سیاسییەکان، ژمارەیەک کەسایەتیی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و ڕۆڵ و کەسایەتی بەرزی پێشەوا قازی وتەیان پێشکەش کرد.
هەروەها پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، لە لایەن ''داوود حەیدەریـ''ـیەوە خوێندرایەوە، کە باسی لە ڕۆڵی پێشەوا و کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا کرد.
حەیدەری، لە درێژەی پەیامەکەیدا، خەباتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناسراوە، هێنایە بەرباس.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، لە لایەن ''بەهار حوسێنیـ'ـیەوە'، شێعرێک لەژێر ناوی "کاتێک خاک ئەسرینی پۆشی" پێشکەش کرا.
پاشان ''حەیدەر قادری ''شێعرێکی لەژێر ناوی "خاکەلێوە" پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.