کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سویس بەرز ڕاگێرا

12:08 - 15 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوە کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس و شانەی ئەندامانی حیزب لە یونان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەھیدانی کوردستان وێبینارێکی تایبەتی بە بەشداریی "تاھیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات و "شەھریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە ھەرێمی ئورووپا بەڕێوە برد.

وێبینارکە بە سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی خوڵەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر ''کامران ڕەسووڵی'' بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئیس چەند وتەیەکی کورتی پێشکەش بە بەشداربووانی وێبینارەکە کرد.

لە درێژەی وێبینارەکەدا "تاھیر مەحموودی" بە وردی باسی کەسایەتیی  پێشەوای مەزنی کوردی کرد کە لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری پەهلەوییەوە لە سێدارە درا.

"مەحموودی" لە وتەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی کەسایەتی نەمر پێشەوا دا و وتی: "زۆر کەم ھەڵدەکەوێت لەنێو ھەموو نەتەوەکانی جیھاندا کە کەسێک بە تەواوی هێز و تواناوە لە خزمەت نەتەوەکەیدا بێت و دوای ٧٥ ساڵ ھەروا خۆشەویستی نەتەوەکەی خۆی بێت".

هەروەها باسی لەوە کرد کە کەسایەتیی پێشەوا و حیزبی دێموکرات  ئەمڕۆ بە شاھیدیی دۆست و دوژمن بووەتە قیبلەگای کورد لە ڕۆژھەڵات و بۆیە دووژمنانی کورد نازانن چۆن ئەو خۆشەیستییەی حیزب و پێشەوا لە دڵی خەڵک بێننە دەر.

ناوبرا وتی، پێویستە سپاس و پێزانین بکەین لە خەڵکی کوردستان کە لە ھەموو بۆنەکاندا و یەک لەوان لە ١٠ ی خاکەلێوە وەک پیشمەرگەکانی شار ئاڵای کوردستان بەرز دەکەن و ڕێز لە بۆنە نەتەوەییەکان دەگرن.

"مەحموودی" لە کۆتایی قسەکانیدا وتی،  ئێمە وەک حیزبی دێموکرات دەبێت شانازی بەوە بکەین کە پێگەیەکی بەھێزمان لەنێو دڵی خەڵکی خۆماندا ھەیە و نابێت چاوەڕوانی ئەوەمان ھەبێت کە کەسێکی دیکە و لایەنێکی دیکە بێت ڕۆژھەڵاتمان بۆ ئازاد بکات. بەڵکوو دەبێت تەواو خەبات و تێکۆشانمان ئەوە بێت کە خۆمان لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا لە داھاتووی ئێراندا ببینینەوە و ببینە ھێزی شوێندانەر لە داھاتووی سیاسیی ئێراندا.

پاشان "شەھریار نەقشبەندی" چەند وتەیەکی کورتی لەو پەیوەندییەدا پیشکەش کرد.

وێبینارکە دوای سەرنج و تێبینیی بەشداربووان بە پەیمان نوێکردنەوە و بەڵێنیدان بە بەردەوامبوون لە ڕێبازی شەهیدان کوتایی پێهات.