کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی کرێکار لە سوئید بەڕێوە چوو

18:39 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم، بە نیشانەی ڕێزگرتن لە كرێكارانی كوردستان، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

‎ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە بۆنەی١ی مەی، کە وەک ڕۆژی کرێکار دەستنیشان کراوە، لە چەندین شار بە شێوەی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژەیان یاد کردەوە.

لە شاری ستۆکهۆڵم بە دەستپێشخەریی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئید، لەژێر دروشمی (تەناهی، دێموكراسی و پێكەوەبوون) ڕێپێوانێکی بەرین بەرەو ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم، ئەنجام درا.

لەو ڕێپێوانەدا جگە لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە پارتی سوسیال دێموکراتی سوئید، ژمارەیەکی بەرچاو لە پارت و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وڵاتانیتر کە لە سوئید نیشتەجێن، بەشدار بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەک لەو هێزە سیاسییانە بوو، کە بەشداری ئەو ڕێپێوانە بوو و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، ئارمی حیزب و وتنەوەی دروشم دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵگرتنی پلاکارت، پشتیوانیی خۆیان لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان، بگەیەننە گوێی بەشدارانی ڕێپێوانەکە.

‎لەو ڕێپێوانەدا "مەگدەلێنا ئاندێرشۆن"،  وەزیری دارایی سوئێد لەسەر لیستی پارتی سوسیال دێموکرات، تایبەت بە ڕۆژی کرێکار، وتارێکی پێشکەش کرد.

 ئەندامانی حیزب لەو بڕگەیەدا، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە وڵاتی سوئید، بە زمانی سوئیدی بۆ ڕۆژی کرێکار، لەنێو بەشداراندا بڵاو کردەوە.

هاوكات ئەندامانی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری یۆتۆبۆریی وڵاتی سوئێد، بە هەمان بۆنەوە بەشداریی ڕێپێوانی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی کرێکاریان كرد و پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبیان لەناو بەشداربوواندا بڵاو کردەوە.