کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەبارەی هەندێک پرسی سیاسی و حیزبی کۆبوویەوە

20:12 - 11 جۆزەردان 2720

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی چەندین پرسی سیاسی و تەشکیلاتی کۆبوویەوە و ڕاگەیەندراوێکی لەمبارەوە بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراو بەنیسبەت کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز

کادر و پێشمەرگەکان،

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات

بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٣١ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی،  کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ باس لەسەر هەندێک پرسی سیاسی و حیزبی پێک هات.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرەتا چەند بابەت و پرسی سیاسی و تەشکیلاتی لەلایەن لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە خرانە بەر باس و دواتر بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە تێروتەسەلی لە سەر هەر یەک لە باس و بابەتەکان ڕاو بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

هەندێک لە باسەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:

یەکەم: گرفتێکی تەشکیلاتی کە لە ماوەی ڕابردوودا هاتبووە ئاراوە و ڕاوبۆچوونی جیاوازی لە نێو حیزبدا لەسەر هەبوو، بە وردی خرایە بەر باس و تاوتوێ کرا و کۆبوونەکە لەو پێوەندیەدا بڕیاری دا کە ئەو بابەتانەی لە دەسەڵاتی کۆنگرە دایە بۆ کۆنگرەی بەجێ دێڵێ و ئەو بەشەی کە لە سەلاحیەت و دەسەڵاتی ڕێبەریدایە، بەپێی یاسا حیزبییەکان و ڕێنوێنیەکانی کۆبوونەوەکە بە دەزگا پێوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردن ئەسپێردران.

دووهەم: لە ماوەی ڕابردوودا کە ئەو باسانە لە نێو حیزبدا هەبوون، بەداخەوە ڕەنگدانەوەی خراپی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەی ناشیرین و هەروەها  بە ناوی خوازراو و جەعلییەوە، هەبوو. ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پێداگری لە سەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد لە نێو حیزبدا، ئەو جۆرە سووکایەتی و دەربڕینە ناشیرینانە  مەحکووم دەکا و بە زیانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد دەزانێ و داواکارە کە هەموو ئەندامانی حیزب لەو شێوە دەربڕین و باسانە خۆ ببوێرن.

سێهەم: لە کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتیی حیزبدا پرسی یەکگرتنەوە لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو خرایە بەرباس و پێ لەسەر بڕیاری کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزبی دێموکرات و بەجیددی هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە داگیرایەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بە بڕیاری جەمعیی ڕێبەرایەتیی حیزب، پێداگری لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان بە گیانی هاوڕێیانە و لە ڕێگای دیالۆگی بۆنیاتنەرەوە جەخت کرایەوە.

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی

٣١ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی