کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێورەسمی یادی شەهیدانی میکۆنۆس لە بێرلین بەڕێوە چوو

12:21 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان لە سەر مینۆمێنتی شەهیدانی میکۆنوس ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان بە بۆنەی ٢٦هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری میکۆنۆس ڕێورەسمێکی تایبەت لەسەر مینۆمێنتی شەهیدان لە برلین بەڕێوەچوو. لە سەرەتای ڕێوڕسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان بە زمانەکانی کوردی و ئاڵمانی خوێندرایەوە.

 لە بەشێکی ئەو پەیامەدا وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری میکۆنۆس کە لەودا شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێیانی کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایون ئەردەڵان و دۆستی حیزبی دێموکرات دوکتور نووری دێهکوردی شەهیدان کران، ئاماژە بەوە کرابوو کە "هەرچەند بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دوو ڕێبەر و سەرکردەی هەرە مەزنی وەک شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە دەست دا؛ بەڵام بۆ چرکە ساتێکیش وازی لە داخوازییە ڕەوا و ئینسانییەکانی خۆی نەهێناوە و لەژێر ڕووناکایی و ئامۆژگارییەکانی ئەو دوو ڕێبەرە دڵۆڤانەدا، لە مەتەرێزی ڕاسانەوە درێژەی بە خەبات و تێکۆشان ئەدا.

خەباتێک کە شاخ و شاری پێکەوە گرێداوە. پێشمەرگە لە شاخ و بە حزووری بەردەوامی لە هەموو قوژبنێکی کوردستان پارێزگاری لە گەلەکەی دەکا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش لەژێر ڕووناکایی هێزی نەشکان نەهاتووی پێشمەرگە و بە شێوازی جۆراوجۆر خۆیان ڕێک دەخەن بە جۆرێک کە ڕێژێمی تێرۆریستی ئێرانی تاساندووە و هەربۆیەش ئەو ڕێژێمە جینایەتکارە بە هەموو ڕێگایەکی مومکین لە دژی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان پیلان دەگێڕی.

لە نوێترین کردەوەی نامڕۆڤانەی ڕێژێمی ئێران گێرانی پیلانی لەناوبردنی ئەندامانی ژینگەپارێزی مەریوان بوو کە بەداخەوە چوار مڕۆڤی ئاشتیخواز و ژیاندۆستیان لە ئاگری ڕقی نامڕۆڤانەیان سووتاند کە یەک لەوان ژینگەدۆستی ناوداری ڕۆژهەڵات شەهید شەریف باجوەر ئەندامی لە میژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

 ڕێژێمی قین لە دڵی کۆماری ئیسلامی کە لەبەرانبەر خۆڕاگری ڕاسانیانی ڕۆژهەڵاتدا دەستەوەستان و داماو ماوەتەوە، هەر بەوەندەوە نەوەستا و لە ڕۆژی ١٧ی خرمانان چوار لاوی زیندانی سیاسی لە سێدارەدا و دوو پێشمەرگەی قارەمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە برینداری گولـلە باران کرد و هەر هەمان ڕۆژ بە مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە کە بووە هۆی شەهید و بریندار بوونی دەیان کادر و پێشمەرگەی قارەمان.

ڕێژێمی تێرۆریستیی ئێران کە بە خەیاڵی خۆی توانیبووی زەربە لە بزووتنەوەی کورد بدا، بەڵام بە پێچەوانەوە سەرتاپای کوردستان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە پێشمەرگە ئاسا لێی وەدەست هاتن و لە حەماسەی مێژوویی ڕۆژی ٢١ی خرماناندا بۆ هەزاران جار "نا" یان پێگوتەوە و بە هەموو هێزیانەوە پشتیوانیان لە بزاڤی ڕەوای گەلەکەیان و حیزبە خەباتکارەکان کرد.

ئێمە وەک کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لەبەرانبەر یەکگرتوویی و قارەمانەتی گەلەکەمان سەری ڕێز دادەنوێنین و پێیان دەڵێین:" سپاس ڕۆژهەڵات ، سپاس کانگای کوردایەتی و نەتەوەخوازی، هەتا بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد ئێوەی گەلی قارەمانی لە پشت بێ، هیچ دوژمن و داگیرکەرێک ناتوانێ تۆزقاڵێک هەنگاوەکانی پێ شل بکات".

دواتر هەرکام لە "حەمید نەوزەری" بەرپرسی ناوەندی پەنابەرانی سیاسی دەرەوەی وڵات،  بەرپرسی ناوەندی دیفاع لە زیندانیانی سیاسی برلین، "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات و "شێرکۆ ڕوشد" بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەو بۆنەوە وتاریان پێشکەش کرد.