کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی شه‌هیدانی کوردستان له‌ وڵاتی سوید به‌ڕێوه ‌چوو

18:23 - 17 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری یوتوبۆریی وڵاتی سوید، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یوتوبۆریی وڵاتی سوید، بە هاوکاریی ڕێکخراوی ئابی ئێفی سویدی لەو شارە، ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرێوە برد.

لەو رێوڕەسمەدا، بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حدکا و هەروەها نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان و بەگشتی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانی دانیشتووی ئەو شارە، بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب و خۆله‌کێک بێ‏ده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدانی ١٠ی خاکەلێوە و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان ده‌ستی پێکرد.

دواتر دوکتور حوسێن خەلیقی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، باسێکی سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پێشکەش کرد.

دوکتور خەلیقی باسێکی تێر و تەسەڵی لەسەر مێژووی شەهیدانی کۆمار و کەسایەتی نەمر پێشەوا قازی محەممەد و هاورێانی کرد.
حوسێن خەلیقی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە بیری نەتەوەیی و نەقشی ڕێبەرایەتیی نەمر پێشەوا قازی محەممەد لەو سەردەمە ئاستەمەدا کرد و گەورەیی و زانایی و نەترسیی شەهید قازی محەممەدی بەرز نرخاند.

پاشان پەیامێک بەو بۆنەوە لە لایەن هەڵبەست دیلانەوە پێشکەش کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکەدا، لە لایەن شاعێری هەڵکەوتووی گەلەکەمان لارزۆ بەکر شێعرێک بە بۆنەی ئەم یادەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشدابووان بە کۆمەڵێ پرسیار و تێبینی جوانەوە بەشدارییان کرد و لە لایەن بەڕێز: دوکتور خەلیقییەوە وڵام درانەوە.

له‌ بەشی کۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌کەدا‌، لە لایەن بەشی ڕێزگرتن لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان، ئەنوەر مەحموودزادە و مژدە حەیدەرییەوە شاخەگوڵ و نامەی تایبەتی کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ئامادە کرابوو، پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی هەموو بەشەکانی کوردستان کە لەو کۆڕیادەدا بەشداربوون کرا.