کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر ١٠ قوتابیی کچ ٣ کەسیان لە قۆناغی دواناوەندیدا واز خوێندن دێنن

12:40 - 22 بانەمەڕ 2724

شەهلا کازمیپوور حەشیمەتناس و یاریدەری زانستیی کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاندووە کە ٣٠ لەسەدی کچان لە قۆناغی دواناوەندیدا واز لە خوێندن دێنن.

بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٠ و ١٤٠١، یەک ملیۆن و ٤٤٨ هەزار و  ١٥٧ کچ لە قۆناغی دواناوەندیدا خەریکی خوێندن بوونە کە بەپێی وتەکانی کازمیپوور ساڵی ڕابردوو ٦٢١ هەزار کەسیان دەستیان لە خوێندن کێشاوەتەوە.

ناوبراو زیادی کردووە کە پشتیوانیکردن لە پەروەردەی کچان لە قۆناغی سەرەتاییدا ٩٥ لەسەدە و ئەم ڕێژەیە بۆ ٧٠ لەسەد لە قۆناغی دواناوەندیدا کەم دەبێتەوە.

کازمیپوور باسی لەوە کردووە کە حەشیمەتی ژنانی ژێر ٣٠ ساڵ تەمەن، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٥ نزیک بە ١٨ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بووە کە لە ساڵی ١٤٠٠دا بۆ ١٧ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس دابەزیوە.

ناوبراو لە وتووێژەکەیدا سەبارەت بە دیاردەی منداڵ هاوسەری یان چووکەبەشووودان بە ئاماژەدان بە ئامارەکانی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی ڕایگەیاندووە کە ١٢ هەزار و ٧٧٥ منداڵی کچی تەمەن ژێر ١٣ ساڵ و هەروەها ١٤٠ هەزار کچی تەمەن ١٤ تا ١٧ ساڵ لە ساڵی ١٣٩٩دا بە شوو دراون.

وازهێنان لە خوێندن بەتایبەت بۆ کچان زۆر جار وەکوو دەسپێکی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەکوو چووکەبەشوودان، منداڵبوونی پێشوەختە و تەنانەت جیابوونەوە لە تەمەنی کەمدایە و ئەمانە ئەتوانن کاریگەریی نەرێنییان لەسەر داهاتووی کچان هەبێ.