کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ناوەندە ئەمنییەکان دۆسییەسازی بۆ خەڵک دەکەن

16:51 - 22 بانەمەڕ 2724

مەولەوی عەبدولحەمید لە وتاری ڕۆژی هەینیدا بە ئاماژەدان بە دۆسییەسازییەکانی ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بۆ خەڵک ڕایگەیاند "زۆربەی مەئمووران زوڵم لە خەڵک دەکەن و بە کەڵکوەرگرتن لەو دەسەڵاتەی کە پێیان دراوە هەر شتێک کە پێیان خۆش بێت بەرامبەر بە خەڵک ئەنجامی ئەدەن".

پێشنوێژی هەینیی زاهێدان پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەپێی ئایینی ئیسلام ئەو کەسانەی وا دۆسییەسازی بۆ خەڵک دەکەن و هاووڵاتییان دەخەنە ژێر باری سزا قورسەکانەوە، بێ ئیمان دەبن و بە بێ ئیمانییش دەمرن.

مەولەوی عەبدولحەمید دەرکردنی سزای قورسی بەندکران، لەسێدارەدان، پووچەڵکردنەوەی بەڵگەنامە و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی خەڵک بۆ دەوڵەتی وەک نموونەی زوڵمی مەئموورانی دەسەڵات لە خەڵک ناو بردووە.

پێشنوێژی زاهێدان لە بەشێکی دیکە لە وتاری نوێژی هەینی ٢١ی بانەمەڕی خۆیدا لە پێوەندیی لەگەڵ کێشە ئابوورییەکانی خەڵکی ئێران باسی لەوە کردووە کە هەندێک کەس بە هۆی هەژارییەوە ناتوانن کەسە نزیکەکانیان پاش چاکبوونەوە لە نەخۆشخانەکان ببەنە دەرەوە.

مەولەوەی عەبدولحەمید زیادی کردووە کە لە هەندێک حاڵەتدا نەخۆشخانەکان تەرمی بنەماڵەکانیان وەک بارمتە ڕاگرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون تاکوو پارەی نەخۆشخانە نەدەن تەرمەکەتان ڕادەست ناکرێتەوە.

شایانی باسە کە ناوەندە ئەمنی و بەناو دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و پاش بزووتنەوەی ژینا و هەینیی خوێنینی زاهێدان بە ئامانجی گوشار خستنەسەر مەولەوی عەبدولحەمید، دۆسییەی دادوەرییان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە فەقێ و مامۆستایانی ئایینی "دارولعلوومی مەکیی زاهێدان" کردووەتەوە و هەروەها ناسنامە و بەڵگەنامەکانی ژمارەیەکی زۆریان پووچەڵ کراوەتەوە.