کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ ڕێکخراوی مافی مرۆیی داوای هەڵوێستی جیهانی بەرانبەر بە سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکەن

16:48 - 22 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی هەینی، ٢١ی بانەمەڕ، ١٦ ڕێکخراوی مافی مرۆیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە سەبارەت بە سەرکوتی مافی هەڵبژاردن و تەندروستیی ژنان لە پرسی دووگیانبوون و پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی ڕەگەزیی ئەم توێژە لە ئێران هەڵوێست بگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، لەباربردنی منداڵ بە شێوەی نایاسایی لە ئێران بە هۆی گوشارەکانی ڕێژیم و سنووردارکردنی دەسپیڕاگەیشتنی ژنان بە خزمەتگوزاریی تەندروست و بەجێ، ئاسەواری خراپ و قەرەبوونەکراوی لەسەر ژیانی ژنان دەبێ.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێژیم لە ساڵی ٩١ـەوە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت، مافی دووگیانبوون بۆ ژنان سنووردار کراوەتەوە و ئەمەش دەسپێڕاگەیشتنی ژنان بە کەرەستەکانی پێشگرتن لە منداڵبوون و لەباربردنی کۆرپەڵە بە شێوەی تەندورست و بە دوور لە مەترسیی بۆ ژنانی سنووردار کردووەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە کە سەرەڕای هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ باشتربوونی دۆخەکە، ئەم یاسایانە بەردەوام ژنان دەخەنە پەراوێزەوە و ژیان و داهاتوویان دەخەنە مەترسییەوە.

واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە بە ئاماژەدان بەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی بە پەسەندکردنی یاساگەلێک کە باس لە هەڵاواردن دەکەن، بەتوندی دەستپێڕاگەیشتن بە چاوەدێریی بێهداشتی و دووگیانبوون و خزمەتگوزارییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی حەشیمەتی بنەماڵە سنووردار دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم کردەوانە وەکوو تاوان پێناسەیان بۆ بکرێ و نەتوانن ئەو خزمەتگوازییانە پێشکەش بکەن، کە ئەمە خۆی زەوتکردنی مافی سەربەخۆیی ژنانسەبارەت بە جەستەی خۆیان و هەڵاواردنی سیستماتیکە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بونیادی بروومەند، دیدەبانی مافی مرۆڤ، حاڵ‌وەش، ڕێکخراوی کوردپا، کەمیەپنی چالاکانی بەلووچ، ڕێسانەک، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێران، ناوەندی خەبات دژی ڕەگەزپەرستی لە ئێران، هیرکانی، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی کوردستان_ ژنێڤ، میان، ئۆترایت ئینترنەشناڵ، بونیادی پوورزەند، توهرا و ڕێکخراویی جیهانیی دژی ئەشکەنجە، لەو ڕێکخراوە مافی مرۆییانەن کە ئەم بەیاننامەیان واژۆ کردووە.

وەگەڕخستنەوەی بەرنامە تایبەتەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حەشیمەتی بنەماڵە، هەڵوەشاندنەوەی یاساکان کە ئەم بابەتە سنووردار دەکەنەوە، خەبات دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داواکاریی ئەم ڕێکخراوانە ڕوو لە کۆماری ئیسلامییە .

لە ساڵانی ڕابردوودا، بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە هاندانی خەڵکانی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت، هەوڵی زۆریان دا و بە پەسەندکردنی ئەم یاسا توندوتیژانە، هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەتیان دا.

سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم، بەپێی ئامارێک کە لەلایەن ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتیی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێت کە لە ساڵی ١٤٠٢دا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠١، ڕێژەی لەدایکبوون لە ئێراندا زیاتر لە ١٧ هەزار حاڵەت کەمی کردووە.

هێرانا ئاماژەی بە ڕۆڵی خامنەیی لە سەپاندنی ئەم سیاسەتە بۆ سنوردارکردنی مافی بنەڕەتیی ژنان جەختی کردووەتەوە کە ئیدئۆلۆژیی ئایینی لە ئێراندا ڕۆڵی سەرەکی لە پرسی منداڵبوونی خەڵکانی ئێراندا دەگێڕێ.

پرسی دووگیانبوون و کۆنتڕۆڵکردنی جەستە یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی ژنانە و کۆماری ئیسلامی وەکوو دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر هەوڵ بۆ زەوتکردنی ئەم مافە دەدات.