کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی گرووپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خوێندکاران سنووردار دەکرێتەوە

11:35 - 22 بانەمەڕ 2724

زانکۆی خاجە نەسیرەدینی تووسیی تاران یاسایەکی داناوە کە بۆ دامەزراندنی گرووپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر گرووپەکە زیاتر لە ١٠٠ کەس ئەندامی هەبێت، پێویستە خوێندکاران مۆڵەتنامەی بۆ وەربگرن.

بەڕێوبەریی ئەم زانکۆیە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ یەک لە گرووپەکانی خوێندکاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مۆڵەتی یاساییان نییە و لەمەبەدوا خوێندکاران بۆ دامەزراندنی گرووپێک کە زیاتر لە ١٠٠ کەس ئەندامی هەبێت، پێویستە کە مۆڵەتی یاسایی لە کۆمیتەی چاوەدێریکردن بە بڵاوکراوەکانی خوێندکاران وەربگرن.

ڕاگەیەندراوەکە زیادی کردووە کە ئەگەر خوێندکاران لەو گرووپە نایاساییانەدا ببنە ئەندام، بەرەوڕووی سزا دەبنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کەڵکوەرگرتنی خوێندکاران لەم گرووپانە بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک و بابەتی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم یاسایە دانراوە و دەبێت هەر شتێک لەو گرووپانەدا دەنووسرێت لەلایەن بەڕێوبەری گرووپەکانەوە چاوەدێری و کۆنتڕۆڵ بکرێت.

دانانی ئەم یاسا لەلایەن زانکۆی خاجە نەسیرەدینەوە پاش ئەوە بوو کە خوێندکارانی زانکۆکە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ لە ناڕەزایەتی بە سەرکوتی ژنان لە شەقامەکاندا بە هۆی حیجابی زۆرەملێوە ژمارەیەک پووستێر و نووسراوە کە تێیدا باس لە "شەڕی شەقامی خامەنەیی بە دژی ژنان" کرابوو، لە زانکۆکەدا هەڵواسی.

خوێندکارانی زانکۆ ڕایانگەیاندبوو کە لە ناڕەزایەتی بە گەڕانەوەی گەشتی ئێرشاد و دووپاتبوونەوەی توندوتیژیی سەر شەقام لەگەڵ ژنان، ئەم چالاکییەیان ئەنجام داوە.

شایانی باسە کە پاش دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسیر هەر لە سەرەتاکانەوە لەنێو زانکۆ دەستیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن کردبوو.