کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامێکی حیزب لە تاراوگە بەڕێوە چوو

13:09 - 2 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی هاوڕێی تێکۆشەر و فەرماندەی قارەمانی حیزبی دێموکرات، کاک "زاهیر بەدری"، ناسراو بە "بەبری کوێستان"، بە بەشداریی ئەندامانی حیزب و بنەماڵەی ناوبراو و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە یەکێک لە گوڕستانەکانی شاری "ئارهۆسـ"ـی، دانمارک بەڕێوە چوو.

سەرەتا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی کاک "زاهیر بەدری"، دەستەیەک لە ئەندامانی حیزب بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە، تەرمی "بەبری کوێستانــ"ـیــان بە وتنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" تا دوامەنزڵگەی بەڕێ کرد.

پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، بە تایبەت کاک "زاهیر بەدری"، ڕاگەیەندرا.

دواتر "سلێمان کەڵەشی"، بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە هەرێمی "ئیسکاندیناوی"، لەسەر ژیان و خەبات و قوربانیدان و فیداکاریی کاک "زاهیر"، چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

پاشان کاک "سەعید سوڵتانپور"، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەوە پەیامێکی ئاراستە کرد و بەڵێنی دا کە هەتا دوا هەناسە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی کاک "زاهیر" و گشت شەهیدانی کوردستان دەبین.

هەروەوها پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن "جەلال قادری"، بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دانمارک پێشکەش کرا.

بەدوای ئەودا پەیامی بنەماڵەی "بەدری"، لەلایەن "ڕۆمی بەدری" کوری کاک "زاهیر بەدریـ"ـەوە پێشکەش کرا و بە ناوی بنەماڵەی "بەدریـ"ـیەوە بەڵێنیان نوێ کردەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی "باوکیان"، وەفادار بە حیزب و گەل دەمێننەوە و هەردەم پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبین.

لەلایەکی دیکە ناوبراو سپاسێکی تایبەتی بەشداربووان بە گشتی و کۆمیتەی حیزبی بە تایبەتی کرد کە لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادە بوون و ئەرکیان کێشاوە.

هەروەها "جەمشید خوسرەوی"، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتە سپاسی بەشداربووان و لایەنەکانی کرد کە ئەو ڕۆژە لەسەر گۆڕستان ئامادە بوون.

لە کۆتاییدا تەرمی کاک "زاهیر بەدری"، بە وتنەوەی سروودی ئەی شەهیدان بە خاک ئەسپێردرا.