کوردستان میدیا: نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە گۆڕستانی پێرلاشێز ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوه برد.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڕەوەی وڵات، لە گۆرستانی پێرلاشێز لە پاریس پێتەختی وڵاتی فەرانسە، بە بۆنەی ٢٩مین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو، سکرتێری گشتی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاورێیانی کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور فازل ڕەسووڵ دۆستی نزیکی حیزب بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەر مێزی وتووێژ، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران، دۆستانی حیزب، نوێنەرانی حیزب، لایەنە سیاسەیەکانی کورد و ئێرانی و بیانی بەڕێوە چوو، کاک "خوسرەو عەبدوڵڵاهی" نوێنەری حیزب لە فەرانسە لە سەرەتادا بەخێرهاتنی بەشداربووانی بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فەرانسەیی کرد.
عەبدوڵڵاهی پاش باسێکی کورت لەسەر شەهیدانی ڤییەن داوای لە کاک "حەسەن شەرەفی" جێگری لێپرسروای گشتی و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە وتاری خۆی سەبارەت بە شەهیدانی ڤییەن پێشکەش بکا.
بەرپرسی ناوەندی سیاسی حیزب لە سەرەتادا گوتی بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمەدا جیا لەوەی کە ڕیزگرتن لە شەهیدانە، بەڵکوو ڕێزگرتنە لە ڕێبازی ئازادی و ڕەوتی دێمۆکراسی هەروەها دابینکردنی مافی نەتەوەی گەلی کوردیشە.
جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزب، ئاماژەی بە تایبەتمەندیە گرینگەکانی دوکتور قاسملوو کرد و ڕایگەیاند، بۆچی دوکتور قاسملوو بۆ ڕێژێمی ئێران هەدەف بوو؛ گوتیشی کە کاربەدەستە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە هەوڵی لەناوبردنی دوکتور قاسملوو دابوون، بەڵام هەتا ئەو کاتەی دوکتور قاسملوو لە کوردستان لە ناو پێشمەرگە دابوو دژبەرانی نەیاننتوانی زەفەری پێبەرن؛ بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی وڵات و لە ئورووپا ماشێنی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێبەرە مەزنەی شەهید کرد.
شەرەفی لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئوتریش گرت و گوتی لە پرۆسەی بەدواداچوونی پەروەندەی ئەم کردەوە تێرۆریستیەدا کەمکاری و داپۆشین لە ڕاستییەکان کراوە و هیوای خواست کە جارێکی دیکە لایەنە شوێندانەرەکان لەپێناو وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو هەوڵی جیدی بدەن.
بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزب لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیەدا ئاماژەی بە زیندوومانەوەی فکر و هزری قاسملوو لە پەیوەندی بە ئازادیخوازی، دێمۆکراسیخوازی، عەداڵەت، دادپەروەری و تێکۆشان لەپێناو دابینبوونی مافی نەتەوەیاتی کورد کرد و ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێستا لەسەر ئەو ڕێبازە دەڕوا و ئاڵای بیر و هزری قاسملوو و خەباتی بە کردەوەی لە شکلی ڕاسان بە مانای گرێدانی خەباتی شارو شاخ شەکاوە ڕاگرتووە.
لە کۆتاییدا شەڕەفی بە سپاس لە بەشداری ئامادەبوانی ئەم ڕێورەسمە، هەمان خاڵە گرینگەکانی ناو وتارە کوردیەکە بە زمانی فارسیش پێشکەش بە بەشداربوان کرد.
جێگای ئاماژە پێدانە پێش دەسپێکردنی ڕێوڕەسمەکە شەڕەفی تاجە گوڵینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە سەر مەزاری دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر دانا و بە دوای ئەودا نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردی و ئێرانی و کەسایەتیەکانی ئامادە بوولە ڕێوڕەسمەکەدا بە دانانی تاجی گوڵ لە سەر مەزاری شەهیدانی ڤییەن ڕێز و ئەمەگناسی خۆیان بۆ دوکتور قاسملوو دووپات کردەوە.
پاش کۆتایی ڕێوڕەسمەکە لەسەر مەزاری شەهیدانی ڤییەن بەشداران لەسەر مەزاری شەهیدان بێرلین کاک دەکتور سادق شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایون ئەردەلان کۆبوونەوە و بە دانانی گوڵ لەسەر مەزاریان پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ نوێ کردنەوە
لەو ڕێورەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی بەشداربوون کە بریتین لە:
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سوریە
ـ پارتی سۆسیالیستی کوردستانی باکوور
ـ پارتی ئازادیی کوردستان
ـ ئەنستیتۆی کورد لە پاریس
ـ سازمانی ئیتحادی فیدائیانی خەڵکی ئێران
ـ حیزبی چەپی ئێران(فدائیان خلق)
ـ کۆمیتەکانی حیزبی بێلژیک، ئاڵمان، هۆلەند، فەرانسە