کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی دوکتور "نەجمەدین کەریم" لە پاریس بەڕێوە چوو

17:40 - 9 خەزەڵوەر 2721

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی یادی دوکتور "نەجمەدین کەریم" لە پاریس بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر "ئەنستیتۆی کورد" لە شاری پاریس پێتەختی وڵاتی فەرانسە ڕێوڕەسمێکی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە کۆچکردوو دوکتور "نەجمەدین کەریم" بەڕێوە برد کە تێیدا کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەم وەکوو وتارخوێن و هەم وەکوو گوێگر بەشدار بوون.

لەم ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی فەرانسە تێیدا بەشدار بوون کە بریتی بوون لە: "حسن شەرەفی جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، بەرپرسی ناوەندی سیاسی و هەروەها وتەبێژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، "عوسمان بایدەمیر" پارلمانتاری پێشووی پارلمانی تورکیە و چالاکی سیاسی، هەروەها "عەلی دۆڵەمەڕی" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە، دوکتور "کەنداڵ نەزان" سەرۆکی "ئەنستیتۆی کورد" لە پاریس و خاتوو "جۆیس بلوو" زمان زان و سەرۆکی  پێشووی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی "ئینالکۆ" لە پاریس کە سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور "نەجمەدین کەریم" قسەیان کرد.

لە سەرەتادا خاتوو "جۆیس بلوو" سەبارەت بە کەسایەتیی کۆچکردوو دوکتور "نەجمەدین کەریم" دوا و دواتر وتاری ڕۆژنامەنووس "جاناتان ڕانداڵ" سەبارەت بە دوکتور "نەجمەدین کەریمـ"ـی خوێندەوە.

دواتر دوکتور "کەنداڵ نەزان" هەندێک لە لاپەڕەکانی ژیانی دوکتور "نەجمەدین کەریمـ"ـی هەڵداوە کە وەکوو زانیاریی تازە و نەبیسراو بوون.

پاشان "عوسمان بایدەمیر" سەبارەت بە کەسایەتیی "نەجمەدین کەریم" لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کاراکتێری پارێزگاری پێشووی "کەرکووک" کرد کە چۆن لەگەڵ یەکتر ئاشنا بوونە و وتی، لە کاتی گووشارهاتن چ بۆ من و چ بۆ کۆچکردوو دوکتور "نەجمەدین" لە ڕێگای تەلەفۆن پشتگیری و پشتیوانیان لە بەشێکی کوردستان بۆ بەشێکی دیکەوە بۆ یەکتر دەربڕیوە.

"بایدەمیر" لە وتەکانیدا، ئەو بیرەوەریەی گێڕایەوە کە لەگەڵ دوکتور "نەجمەدین" بەڵێنیان بە یەکتر دابوو لە ئەگەری ڕزگاربوونی "کەرکووک" یان "دیاربەکر" ئەوی تر پێشوازی لەوی دیکە بکات. وتیشی بە مردنی دوکتور "نەجمەدین" ئەم ئاواتە نەمردووە و بە دڵنیایەوە ڕۆژێک هەر دێتە دی.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، بەرپرسی ناوەندی سیاسی و وتەبێژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی کۆچکردوو بە تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵات قسەی کرد.

"شەرەفی" لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتیی دوکتور "نەجمەدین کەریم" وتی، ئەو هەرگیز ئیحساساتی بەسەر دورئەندیشیدا زاڵ نەکرد.

دوکتور "نەجمەدین" کورد و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە بوو و لە هەر جێگایەک بوو دەنگی کورد بە گشتی بوو، دۆستی نزیکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەرانی بوو بۆیە لەدەستچوونی بۆ هەموو لایەکمان خەسارێکی گەورە بوو.

لە بەشی کۆتاییدا "عەلی دۆڵەمەڕی" وەکوو نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە باسی لە ڕۆڵی ئەرێنی دوکتور "نەجمەدین کەریم" چ وەکوو پارێزگاری "کەرکووک" و وچ وەکوو سەرۆکی "ئەنستیتۆی کورد" لە واشنتۆن و هەروەها جێگری سەرۆکی "ئەنستیتۆ کورد" لە پاریس کرد.

ناوبراو وتی دوکتور "نەجمەدین" یەکەم کەس بوو کە ئاڵای کوردستانی لەسەر پارێزگای "کەرکووک" هەڵداوە و باسی لە ڕۆڵی باش و ئەرێنیی ناوبراو لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کرد.