کوردستان میدیا: ڕێورەسمێک به بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە شێوەی سێمینار بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی'' ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی پێشەوای نەمر قازی محەممەد کە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا پێشکەشی کردبوو بە شێوەی ویدیۆ بڵاو کرایەوە.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لە لایەن ''کیومەرس بەیگی'' ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.
ناوبراو بە ئاماژە بە شوێندانەریی پێشەوای نەمر لەسەر ڕەوتی خەبات و تێکۆشان لە هەموو پارچەکانی کوردستان، دەسکەوتەکانی ئەو کاتی کۆماری کوردستانی بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەممەد بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە دیرۆکی نەتەوەکەماندا لە قەڵەم دا و باسی لەوە کرد کە پێشەوا وانەیەکی نوێی هێنایە ناو سیاسەت و کولتووری کوردەوە کە بووەتە هۆی بەهێزبوونی بیری نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراودا.
پاش پەیامی کۆمیتەی حیزب، سێمینارێک بە شێوەی پانێل لە لایەن '' مەحیەدین پاڵانی''، کارناسی سیاسی و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب، ''بەنگین ییڵدز''، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پارلمانی تورکیە و ''دیاکۆ خەیات'' بەرپرسی کۆمیتەی حیزب بەڕێوە چوو.
''یەڵدز'' سەرەتا باسێکی مێژوویی لەسەر جوڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێشکەش کرد و پاشان بە ئاماژە بە کاروانی پڕ هەژماری شەهیدانی کوردستان، جەختی لەسەر زەروورەتی ئەمەگناسی بۆ خوێنی شەهیدان و درێژەپێدانی ڕێگەیان کردەوە.
ناوبراو وێڕای ڕێزگرتن لە دەسکەوت و خەباتی کورد لە هەموو بەشەکاندا، بە پێویستییەکی نەتەوەیی و سیاسی زانی کە نەتەوەی کورد بە بێ سرنجدان بە جیاوازیی ئیدئۆلۆژی حیزبەکان، ڕێز لە دەسکەوتەکانی هەموو بەشەکان بگرێت.
پاشان ''دیاکۆ خەیات'' لە دوو توێی وتارێکدا بە پشتبەستن بە تێئۆریی فەلسەفەی مێژووی ''واڵتێر بێنیامین''، باسی لە زەروورەتی یادکردنەوە و وەبیرهێنانەوەی شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستان کرد و ئیلهام وەرگرتن لە بۆنە ناخۆشەکان بۆ بە گژداچوونەوەی ستەم و سەرکوت لە ئێستادا بە زەروورەت زانی.
دواتر'' محێدین پاڵانی''، لە وتارێک باسی لە بنەما مەنتقییەکانی مافخوازی کورد و جوڵانەوەی نەتەوایەتی کورد کرد.
هەروەها، نابراو جەختی کردەوە کە وانە و میراتی ئەخلاقی و مەعریفی پێشەوا قازی محەممەد ئەوەندە دەوڵەمەند و قوڵە کە ئێمە ئێستاش چ لە کاتی تەنگانەدا و چ لە کاتی سەرکەوتن و فەرعانەدا پەنایان بۆ دەبەین و وەک چرای ڕووناکیدەری ڕێبازەکەمان کەڵکی لێوەردەگرین.
لەو مەڕاسمەدا چەندین حیزب و لایەنی کوردستانی برووسکەی هاوخەمیان ناردبوو بۆ ڕێوڕەسمەکە کە بە هۆی کەمیی کات تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا کە بریتی بوون لە :
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
حیزبی شیوعیی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ماڵی کورد لە ڤانکۆوێر
پاش سێمینارەکە، لە لایەن کۆمیتەی حیزبەوە لەوحێکی ڕێزلێنان لەگەڵ چەپکە گوڵێک بە نیشانەی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان، پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرا.