کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:56 - 1 خەرمانان 2721

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٦هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی "ئاڵمان" بەڕێوە چوو.

ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ بەبۆنەی یادی ٧٦ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "کۆڵن" لە وڵاتی ئاڵمان ڕێورەسمێکی تایبەت بە بەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە بەردەم کلیسای بەناوبانگی ئاڵمان" دۆم کۆلنا"  بەڕێوە چوو.

سەرەتا "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی "ئورووپا" کورتەیەک لە مێژووی حیزبی دێموکرات و باسێک لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و ناوچەی پێشکەش کرد.

 پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەلایەن "بەهار حوسێنی" ئەندامی کۆمیتەی "نۆردڕاین وێستفالن" خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا باس لەوە کرا کە ٧٦ ساڵ پاش دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێستاش گوتار و ڕێبازی ئەو حیزبە، گوتارێکی سەردەمیانە و ڕەوت و ڕێبازێکە کە پێشەنگایەتیی بزاڤی نەتەوایەتی لە کوردستاندا دەکات.

ناوبراو باسی لەوە کرد حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە قوتابخانەی ڕێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و سەرچاوەی ئیلهام بۆ تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی ڕۆڵەکانی گەل لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بووە. حیزبێکە کە مۆر و جێگە پەنجەی لەسەر هەموو هێما و شانازییەکان و پرەنسیپەکانی خەبات و تێکۆشانی سەردەمیانە لە ٧٦ ساڵی ڕابردووی خەباتی پڕشکۆی نەتەوایەتیی "کورد" دیارە، حیزبێک کە بە سەخاوەتەوە سەرکەوتن و شانازییەكانی بە سەر هەموو لایەن و تاکەکانی گەلەکەیدا دابەش دەكات و لە شكستەكانیشدا ئەرک و بەرپرسیارێتیی شۆڕشگێڕانەی خۆی وە ئەستۆ دەگرێت.

لە درێژەی پەیامەکەدا هاتبوو ڕێبازی دێمۆکرات، هەوڵێکە بۆ ئەوەیکە مرۆڤی کورد لەسەر بنەمای بەهاکانی وەک دێموکراسی، ڕزگاریی نەتەوەیی، چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی چینایەتی، سێکۆلاریزم و یەکسانیی ڕەگەزی پەروەردە بکرێت و لە ڕێگەی ڕێکخستنێکی شۆڕشگێڕانەوە تێکۆشانی خۆی لەو بوارانەدا ئامانجدار و کاناڵیزە بکات".

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا ڕوو لە ڕای جیهانی باس لەوە کرا:" لە ماوەی نزیک بە ٨ دەیە خەبات و تێکۆشانمان هەردەم داوای چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت پرسی کورد دەکەین.  بەڵام ئەوان واتا حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی ئێران و بەتایبەت حکوومەتی تێرۆریستیی ئێران "شەڕ و هێرش و گرتن و ئێعدام و تێرۆر" وڵامی داخوازیی ئاشتیانەی ئێمەیان داوەتەوە.

 دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ئێران لەسەر مێزی وتووێژ بۆ ئاشتی ڕێبەری حیزبی دێموکرات دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و "عەبدوڵڵا قادری ئازەر"یان تێرۆر کرد.

لە شاری "بێرلین" بۆ دووهەم جار هەیئەتی ڕێبەریی حیزبیان دایە بەر پەلاماری تێرۆریستی و دوکتور "سادق شەرەفکەندی" سکرتێری گشتیی حیزب و سێ کەس لە هاوڕێکانیان تێرۆر کرد.

ڕێژیمی ئێران بە سەدان کەس لە جیابیرانی خۆی لە وڵاتانی دەرەوە تێرۆر کردووە کە پتر لە ٤٠٠ کەسیان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە دوایین کردەوەی تێرۆریستیی خۆیدا ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ لە شاری "هەولێر"ی کوردستانی باشوور "مووسا باباخانی" ئەندامی ڕێبەریی حیزبیان تێرۆر کرد.

ڕێژیم بە مووشەکی بالستیک کەمپی پەنابەرانی مەدەنیی کوردی ڕۆژهەڵات لە شاری "کۆیە"ی کوردستانی باشووری کردە ئامانج و چەندین کەس لەو هێرشەدا شەهید و بریندار بوون.

 بۆ هەموو جیهان سەلماوە هەتا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران لەسەر کار بێت، لە هیچ شوێنێکی ئەو جیهانەدا هەست بە ئاسایس و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ ناکرێت.

 هەر بۆیەش لەپێناو پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤ و سەقامگیرکردنی دێموکراسی و پێکەوە ژیان بە هێمنی و ئاشتیی ئێمە دژی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییە شەڕ دەکەین و داوای پاڵپشتیی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان دەکەین.

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەلایەن "ئارێز داراپوور" بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا و هاوکاتیش بە سەدان نوسخە لەنێو خەڵکی ئاڵمان بڵاو کرایەوە.

دواتر شێعرێک بە زاراوەی کەڵهوری لەلایەن "ئازیتا ڕەزایی" خوێندرایەوە. دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "داوود حەیدەری" خوێندرایەوە.

 لە درێژەی بەرنامەکەدا "مەزلووم دڵی" نوێنەری پارتی سوسیالیستی کوردستان پەیامێکی تایبەتی پێشکەش کرد.

 هاوڕێیانی "پارتی سۆسیالیستی کوردستان" چالاکانە لە بەڕێوەبردن و سەرخستنی بەرنامەکاندا ڕۆڵی کارایان گێرا و چالاکانە بەشدار بوون.

 دواتر "مەنوچێهر باخمان" ئەندامی حیزبی سەوزەکانی ئاڵمان( Grüne)، "بابی ئەسەد" لە پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە، "عەدنان حەسەن" لە ئەنجومەنی ئێزیدیی سووریە، "بیژەن زیبایی" نوێنەری پارتی ئازادی کوردستان، "فەرهاد میرۆ" لە پارتی دێموکراتی پێشڕەوی کورد لە ئورووپا و مامۆستا "سەبری ڕەسووڵ" نوێنەری یەکیەتی نووسەرانی کوردستانی سووریا پەیامیان پێشکەش کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

هەڵبەستی "ڕێگایەک کە کۆتاییەکەی لوتکەیە" لە نووسینی "بەهار حوسێنی" لەلایەن "حەیدەر قادری" خوێندرایەوە و کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی کۆتایی پێهات.