کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ۲۵ی گەڵاوێژ لە ڕۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو

09:59 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوەڕەسمێک لە ڕۆژهەڵاتی کانادادا بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە، ٢ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ۲۵ی گەڵاوێژ، ۷٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە و نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان لە شاری "نیاگارا فاڵس" لە ڕۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کانادا، لە لایەن ''سدیق ئیبراهیمی'' خوێندرایەوە.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژووییە، پێداگریی لەسەر کاری هاوبەشی زیاتری حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەرەنگاریی ڕێژیمی ئیسلامی و سەرکەوتنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کرد.

دواتر، پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان بەم بۆنەوە پەیامێکیان پێشکەش کرد.

هەروەها لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا چەندین شێعر و هەڵبەستی کوردی، بە بۆنەی ۲۵ی گەڵاوێژ لە لایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە ،''عەلی ئیسعاقیـ''ـیەوە خوێندرایەوە.

لە کۆتاییدا هونەرمەندان ''ئیبراهیم هەوڵێری'' و ''شێرکۆ فاخێری'' و ''عەدنان''، بە دەنگ و مۆسیقا و بەشداربووان بە هەڵپەرکێ، ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.