کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی ڤییەن لە وڵاتی "فەرانسە" بەڕێوە چوو

17:12 - 22 پووشپەڕ 2721

بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدان دوکتور "قاسملوو و هاوڕێکانی" کە بە دەستی دیپلۆماتی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە "ڤییەن" تێرۆر کران ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی "پێرلاشێز" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ ڕێزگرتن و یادکردنەوە لە شەهیدانی "ڤییەن"، لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا کە بە تێرۆری "ڤییەن" ناسراوە و تێیدا دوکتور "عەبدولڕحمان قاسملوو"، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر، نوێنەری حیزب لە درەوەی وڵات بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژێمی ئیسلامیی ئێران، لە کاتی وتووێژی ئاشتی شەهید کران، ڕێوڕەسمێک لە سەر مەزاری ئەم شەهیدانە لە گۆڕستانی "پێرلاشێز" لە شاری "پاریس"، بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا هەر چەند بەهۆی سنوورداربوونی بەشداربووان و یاسا و ڕێساکانی دەوڵەتی "فەرانسە" بۆ پێشگیریی لە نەخۆشیی کۆرۆنا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب و هەروەها نوێنەری حیزب و حیزبەکانی ئێرانی، کوردی و کەسایەتییەکان بەشداریان کرد.

ئەم ڕێوڕەسمە بە دانانی گوڵ لەسەر مەزاری شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕووحی پاکی شەهیدانی کوردستان دڕێژەی پێدرا.

 دواتر بەشێک لە دەقی قسەکانی شەهید دکتور "قاسملوو"، سەبارەت بە پلەی شەهیدان و درێژەدانی ڕێگایان بڵاو کرایەوە.

 لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دوکتور "فرێدریک تیسۆ"، دۆستی دێرینی دوکتور "قاسملوو"، و کۆنسولی پێشووی فەڕانسە لە هەولێر و دواتر "شاهۆ حوسێنی"، بەرپرسی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات قسەیان کرد.

پاشان دوکتور "خوسرەو عەبدوڵڵاهی"، نوێنەری پێشووی حیزب لە "فەرانسە'' بە زمانی فارسی بەخێرهاتنی میوانانی فارسی زمانی کرد.

پاشان بەشداربووان سەردانی گۆڕی شەهیدانی "بێرلین"، واتە دکتور"سادق شەرەفکەندی"  کاک "فەتاح عەبدولی" و کاک "هومایون ئەردەڵانـ"ـان کرد.