کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ شەهیدانی میکۆنووس بەڕێوە چوو

12:42 - 28 خەرمانان 2720

بەبۆنەی ٢٨ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی میکۆنووس، بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان لە وڵاتی فەرانسە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان بۆ وەبیرهێنانەوەی یادی شەهیدانی بێرلین کە بە ڕووداوی تێرۆریستیی میکۆنووس ناسراوە و ڕێبەڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور "سادق شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدولی، کاک هۆمایوون ئەردەڵان" و دۆستی حیزب کاک "نووری دێهکوردی" گیانیان فیدای ئامانجەکانی کوردستان و کورد کرد، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

هەر لەم ڕۆژەدا لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی هەتا ١٢ی نێوەڕۆ لە مەیدانی ڕێپۆبلیکی شاری پاریس پێشانگەیەکی گرافیکی لە چۆنیەتیی ئەم ڕووداوە تێرۆریستییە، پرۆسەی دادگا و مەحکوومکرانی سەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن دەزگای دادوەریی ئاڵمان لە ساڵی ١٩٩٧دا لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە فەرانسە بەڕێوە چوو.

دواتر کاتژمێر ٢ی پاشنێوەڕۆ ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامان، لایەنگران، دۆستانی حێزب و نوێنەری پارت و ڕێکخراوە ئێرانی و کوردستانییەکان لەسەر مەزاری شەهیدان لە گۆڕستانی "پێرلاشێز" بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا لە سەرەتا چەپکەگوڵ پێشکەش بە ڕۆحی ئەو شەهیدانە کرا و پاشان بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد و دواتر بژاردەیەک لە وتەکانی کاک دکتور "سادق شەرەفکندی" بۆ بەشداربووان بڵاو کرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە سەردانی گۆڕی شەهیدانی ڤییەن دوکتور "قاسملوو" و کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" کۆتایی پێ هات.