کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی ١٧ی خەرمانان لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو

12:05 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی ١٧ی خەرمانان و لاوانی لە سێدارەدراو بە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری ڤانکۆوێری کانادا و بە بەشداری بێوێنەی ھاووڵاتیانی دانیشتووی ڕۆژئاوای کانادا ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە شەھیدانی مووشەکبارانی بنکەکانی  حیزبی دێموکرات و ھەروەھا ئەو لاوانەی بە دەستی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە سێدارەدران بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران "حیکمەت قووڵی زادە" چەند شێعر و پەخشان پێشکەش کرا.

پاشان "ئیسمایل ئیبراھیمی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات پەیامی کۆمیتەی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و لە پەیامەکەیدا وێڕای ڕێزگرتن لە شەھیدانی تازەی گەلەکەمان، لە پێوەندی لەگەڵ ساڵڕۆژی شەھیدبوونی ڕێبەری مەزنی گەلەکەمان کاک دوکتور سادق شەرەفکەندی، تیشکی خستە سەر ئەو ڕاستییە کە "ڕاسان"ـی ڕۆژھەلات ھۆکارێکە کە ڕێژیمی ئێرانی ھارتر کردووە و دەزانێت گەلی کورد لە سەر دەستی ڕۆڵەکانی دێموکرات قۆناغێکی نوێی لە خەبات دەست پێکردوە و بە کردوە خەباتی شار و شاخ لێک گرێدراوە وگەلەکەمان بەو جۆرە تاونانە بە چۆک دانایە و هەتا گەیشتن بە مافەکانی دەست لە خەبات بۆڕ ھەڵناگرێ.

لەو ڕێوڕەسمەدا "سۆھراب کەریمی"، بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزب وتارێکی بەپێز و پڕ نێوەرۆکی سەبارەت بە دۆخی ناوچە و ڕۆڵی "ڕاسان" لە ڕۆژھەلاتی کوردستان و گرینگی ئەو قۆناغە نوێیەی خەباتی گەلەکەمان لەو کاتەدا کە ڕێژیم کەوتووەتە ناو قەیرانی جۆراوجۆر.

 کەریمی جەختی لە سەر ئەو ڕاستییە کردەوە کە ڕێژیم بۆ داپۆشینی قەیرانەکانی ھەوڵ دەدات لە کوردستان تاوان ئەنجام بدات.

لە بەشێکیتری ئەو ڕێوڕەسمەدا ، " کیومەرس بەیگی" ژیاننامەی ھەر یەک لە شەھیدانی سەربەرز شەھید "فاروق حەسن خەیات و شەھید موختار قادرپور"ی خوێندەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا زۆربەی ھێز و لایەنە کوردستانییەکان پەیامی پرسە و ھاوخەمیی خۆیان پێشکەش کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە چەند سروودی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێهات.