کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی یادی شەهیدانی "میکۆنووس" لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

13:17 - 29 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانان، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "بێرلین" کۆبوونەوەیەکی بەبۆنەی ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری شەهید دوکتور ''سادق شەرەفکەندی'' سکرتێری گشتیی حیزب و هاوڕێیانی بەڕێوە برد و دواتر لەسەر مێنۆمێنتی شەهیدان کۆبوونەوە و تاجەگۆڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر مێنۆمێنتی شەهدان دانا.

لەو گردبوونەوەیەدا ''ڕەشید ڕەحمانی'' بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی "ئاڵمان" بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

''ڕەحمانی'' لە پەیامەکەیدا ئاوڕی لە مێژووی تیرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران لە هەر دوو سەردەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەمکی تێرۆر وەک نەریتی نەگۆڕی ڕێژیمی ئێران دژی ئازادیخوازان و بە تایبەتیش دژی گەڵی خەباتکاری کورد و ڕێبەرانی کە تێرۆری ''جەعفەرئاغای سمکۆ و سمایل ئاغای سمکۆ، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی" و هاوڕێیانیان لە ڤییەن و بێرلین و هەروەها و تێرۆری دەیان خەباتکاری تری کورد و باقی نەتەوەکانی ژێر ستەمی ئێران نموونەی کردەوە تیرۆریستیەکانی حاکمانی داگیرکەری ئێران بوون، دایەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بەبایخەوە ڕەوتی دادگای مێکۆنووسی بەرز نرخاند کە لەودا دەزگای دادوەریی "ئاڵمان" توانی تێرۆریستان دەسبەسەر بکات و لە پڕۆسەیەکی دوور و درێژدا وەک بکەری سەرەکی تیرۆرکردنی شەهیدان دوکتور "سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و هەروەها نووری دێهکوردی'' خەباتکاری ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات سەزا بدا و تاوانباران و پلاندارێژەرانی سەرەکی ئەو تاوانە لە ئاستی سەرەوەی حکوومەتی ئێران بە ڕای گشتیی بناسێنێت.

''ڕەحمانی'' لە درێژەی پەیامی کۆمیتەی گشتیدا، ڕاسانی شار و شاخ  و هەڕەشە و پەلامارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێنایە بەرباس و لەو بارەوە وتی:" هەر وەک ئاگادارن لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگای گرووپە میلیشیاکانی دەستپەروەردەی خۆێ لە وڵاتی عێراق هەڕەشە لە تێکدانی سەقامگیریی  هەرێمی کوردستان بە بیانووی چالاکی هێزە خەباتکارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات و لەو بارەوە وێڕای بوردومانی بەردەوامی ناوچە شاخاویەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵات هەروەها هەڕەشەی هێرش بۆسەر کەمپەکانی نیشتەجێ خەڵکی مەدەنی لە کۆیە دەکات.

 پێویستە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران ئەوە باش بزانێت کە بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان و ئەو شۆڕشە لە سەر ئەساسی تێگەیشتنی نەتەوەیەک لە ماف و ئازادییەکانی بنیات نراوە کە لە ژێر تیشکی باوەڕ و ئێرادەی خەباتکارانەی تێکۆشەرانیدا بڕیاری نەسرەوتن تا سەرکەوتن کراوەتە بەڵێنییەک بۆ هەمیشە لە مەیداندا بوون.

بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی ئاڵمان لە دریژەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد، ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە وەک خەباتێکی فرە ڕەهەند بووەتە مۆتەکە بۆ گیانی ڕێژیمی تێرۆرسیتی ئیسلامی، تێکۆشانێکی هەمەلایەنەیە بۆ ڕزگاریی نیشتمانێک کە لەلایەن تاقمێک تێرۆریستەوە داگیرکراوە، کردەوەیەکی شۆڕشگێرانەیە لە دژی سیستمێکی جنایەتکار کە خەونی نەمانی نەتەوەیەکی لە هزری فاشیستی بەڕێوەبەرانیدا کردووەتە خۆزگە! بەڵام لە سایەی خەبات و فیدکارای ڕاسانیانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێراندا، هەرگیز ڕێژێمی تێرۆریستی ئێران و هیچ دژە کوردیکیتر بە ئاواتەکەی ناگات و سەرئەنجام ئاڵای ئازادی لە لووتکەدا دەشەکێتەوە".

لە دڕێژەی ڕێوڕەمسەکەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەلایەن ''لەنیا ڕەسووڵی'' ئەندامی حیزب بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا.

 لەو بەشەشدا ڕوو بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و زلهێزەکان و ڕای گشتی هاتبوو کە تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر کار بێ و لە درێژەپێدان بە سەرەڕۆیی و ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچە و جیهان هاوسار نەکرێت و ڕێی پێ نەگیردرێت، نە تەنیا ئێران و کوردستان بەڵکوو لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ناکرێ وڵاتان و خەڵکەکەیان هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن.

 پاشان ''مارتین باخمان'' نوێنەری پارتی سەوزەکانی ئاڵمان لە ''کۆڵن'' ڕوو بە بەشداربووان کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی مەحکووم کرد و  پاڵپشتیی خەڵکی ئاڵمان و پارتی سەوزی ئاڵمانی بۆ خەباتی ڕەوای گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی.

 دواتر ''سەلاحەدین'' نوێنەری پارتی سۆسیالیستی کوردستان بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پ س ک) بۆ جارێکیتر وێڕای مەحکوومکردنی تیرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و تیرۆری ڕێبەرانی شەهیدمان، پشتیوانی و پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و ڕاسانی ڕۆژهەڵات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی.

لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن ''یەعقووب مورادی''، یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لەلایەن ''زەینەب محەممەدزادە'' و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ''داوود حەیدەری''یەوە خوێندرانەوە.

پاشان پەخشانێك لەلایەن ''نادر ئەڵڵایاری'' بۆ شەهیدانی "میکۆنووس" خوێندرایەوە.

پاش کۆتاییهاتنی گردبوونەوەکە، بەشداربووان چوونە سەر مێنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووس و وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی "میکۆنووس"، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر مێنۆمێنتی شەهیدان دانرا.