کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ شەهید "نەسرەدین بریک" بەڕێوە چوو

10:29 - 7 رەشەمه 2719

ڕۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە لە شاری" ئێسنـ"ـی ئاڵمان، ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٨ ساڵەی تێرۆری "نەسرەدین بریک"، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، "حیسام ئەحمەدی"، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی کرد و بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

"ئەحمەدی" لە بەشێک لە پەیامەکەیدا وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری "نەسرەدین بەریک"، ئاماژەی بە تێرۆر کرد وەک پرۆسەیەک لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بۆ لەنێوبردنی ئازادیخوازانی کورد و بەتایبەت سەرکردایەتیی سیاسیی حیزبە کوردستانییەکان. هەروەها باسی لە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لەو پەیوەندییەدا کرد کە وەک پەرەدەر و سەرچاوەی تێرۆریزم دێتە ئەژمار.

ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە حیزبی دێموکرات وەک قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد و لەو بارەیەوە وتی: "دەتوانین بڵێین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە یەکەم حیزبی سیاسیی کوردستان دێتە ئەژمار کە تێرۆر و پلانی تێرۆریستی بۆ لەنێوبردنی سەرکردەکانی بەڕێوە چووە کە تێرۆری شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و دەیان کادر و پێشمەرگەی قارەمانی ئەو حیزبە، نموونەی ئەو ڕاستییەن".