کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادی شەهیدانی٥ی خەزەڵوەر بەڕێوەچوو

11:48 - 6 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لەلایەن کۆمەڵەی کوردی ئاڵمان کۆڕێک بۆ یادی شەهید دوکتور ''سەعید چرۆکایا '' و شەهید'' ڕەسووڵ محەممەدزادە" کادری لێوەشاوە و بەرپرسی فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، لە شاری هامبورگی ئاڵمان، کۆڕێکی تایبەت بۆ یادی شەهید دوکتور''سەعید چرۆکایا'' لە لایەن کۆمەڵەی کوردی ئاڵمان" کوردیشێ گێمایندێ" بە بەشداری بنەماڵەی شەهید دوکتور "سەعید چرۆکایا" و ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕ و کەسایەتیی سیاسی ناوسراو، چەند ئەندام پەرلەمانتارێکی حکوومەتی ئاڵمان و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.

شاندێکی کۆمیتەی ئاڵمان بە سەرپەرستی ''ڕەشید ڕەحمانی''  بەرپرسی گشتی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕێوەڕەسمەدا بەشداری کرد و پەیامی کۆمیتەی ڕادەستی بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە کرد.

لە کۆڕەدا پرۆفسۆر ''ئیسماعیل بێشکچی'' وەک هەمیشە داکۆکیی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد کرد و لە بەشێک لە قسەکانیشیدا ڕەخنەی لە بزاڤی کورد گرت کە بەگوێرەی پێویست نەیتوانیوە لەسەر داخوازییەکانی پێداگر بێت.

ناوبراو لەمبارەوە وتی:" لە ساڵی ١٩٢٠ی زاینییەوە زۆر وڵاتی بە کۆلۆنیکراوی خەلافەتی عوسمانی، وەک عەرەبەکان و ئەلبانییەکان توانیان واز لە عوسمانییەکان بێنن و دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن، بەڵام کوردەکان پشتیوانیان لە خەلافەتی عوسمانی کرد، ئێستاش پاش سەد ساڵ هەروا دەڵێن کە دەوڵەتمان ناوێ، بەلانی کەمەوە ئێستا پارچەیەکی کوردستان بە ئاشکرا دەڵێ کە دەوڵەتی کوردی ناوێ، ئەم جۆرە قسانە قبووڵکردنی پارچەبوونی کوردە. کورد کە لە دونیادا هیچ دۆستێکی نییە، واتای وایە کە زۆرترین دوژمنی هەیە، کەواتە کورد دەبێ ئەم هاوکێشەیە بخاتە بەرچاوی خۆی و بزانێت کە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە، دەبێ زیاتر لە چل ملیۆن کورد، بۆ خۆیان یەک بگرن و ببن بەدۆستی یەکتری".

شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە لەسەر داوای فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاییزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، دەستەیەک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شارەزا لە هەڵگرتنەوەی مین، وێڕای دوکتور''سەعید چرۆکایا'' بە مەبەستی پاککردنەوەی مەیدانەکانی بە مین چێنراو لە شەڕی دژی داعشدا، ڕەوانەی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە نزیک مووسڵ کران کە بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا و بەهۆی تەقینەوەی مینێک، کاک ''ڕەسووڵ محەممەدزادە" کادری لێوەشاوە و بەرپرسی فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" شەهید بوو و د. سەعید چرۆکایاش بەسەختی بریندار بوو کە پاش دوو ڕۆژ ناوبراویش گیانی لە دەست دا.