کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گوشاری خستووەتە سەر بارمتەدانەری چالاکێکی کرێکاری

17:06 - 9 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بەشی دادوەریی گرتووخانەی ئێوین بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکمی زیندانی چالاکێکی کرێکاری، گوشاری خستووەتە سەر بارمتەدانەری ئەو چالاکە کرێکارییە.

بەشی دادوەریی گرتووخانەی ئێوین، لە ڕێگای بانگهێشتنامەیەکەوە، بە مەبەستی ڕادەستکردنی "پەروین محەممەدی"، چالاکی کرێکاری و جێگری یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، گوشاری خستووەتە سەر بارمتەدانەری ناوبراو.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزەوە هەتا ١٠ ڕۆژ کاتی بۆ ڕادەستکردنی "پەروین محەممەدی" داناوە.

"پەروین محەممەدی"، لەگەڵ "جەعفەر عەزیمزادە"، ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ دەسبەسەر کران،.

جەعفەر بۆ تێپەڕاندنی ٦ ساڵ حوکمی زیندان ڕەوانەی گرتووخانەی ئێوین کرا.

هاوکات "پەروین" پاش ٢٣ ڕۆژ دەسبەسەری سەرەتا لە گرتووخانەی قەرچەک و دواتر لە بەندی ٢٠٩ی ئێوین، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی ٥ی سەرماوەز، لە ڕێگەی گوشاردانان لە سەر بارمتەدانەرەکەیەوە بۆ حوکمی زیندانی ١ ساڵە بانگ کراوە.

"پەروین محەممەدی" و بەشێکی دیکە لە چالاکانی کرێکاری، ٦ ڕۆژ پێش ڕۆژی جیهانیی کرێکاریش دەسبەسەر کرابوون و تۆمەتی "پەروین"، "تێکدانی نەزمی گشتی، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" ڕاگەیەندراوە.