کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە کوردستان دەستی بە ڕەشبگیری کردووە

17:41 - 1 رێبەندان 2720

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەوتێکی دەسبەسەکردنی هاووڵاتییان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە کە بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک هاووڵاتییان دەسبەسەر دەکەن.

 ڕۆژی دووشەمە ١٥ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەریم مەحموودی" و "ئومید مەحموودی" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. لە هۆکاری دەسبەسەری وچارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە، زانیارییەکی ورد لە بەردەسدا، نییە.

ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی "دانا سەمەدی" خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. هێزە ئەمنیەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو لاوەیان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کاروان مینوویی" خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرا و  بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردیان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، "شەپۆل خزرپوور" کوڕی حوسێن خەڵکی گەڕەکی "بەری شیلانانـ"ـی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار ٧ هاووڵاتیی کورد لە کەرەج و مەهاباد دەسبەسەر کران

هەر ئەم ڕۆژە دوو خوێندکاری کورد بە ناوەکانی "فەرزاد سامانی" خەڵکی شاری مەهاباد و "سوهەیب بادرووج" خەڵکی شاری مەریوان  لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە، ٢٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خەوتنگەی زانکۆی "خاڕەزمیـ"ـی کەرەج و پاش پشکنینی ئەو خەوتنگەیە، ئەو دوو خوێندکارە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.

فەرزاد سامانی و سوهەیب بادرووج خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای ڕشتەی کۆمەڵناسیی زانکۆی "خاڕەزمیـ"ـنه.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم دوو خوێندکارە، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵبانی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام ئەحمەدی و سیروان نووری"خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، "عەزیمە ناسری" خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.  ئەو ژنە هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان ڕاگوێزراوە. لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو ژنە هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی "بەهمەن یووسف‌زادە کوڕی حەمزە، فەرهاد و فەرەیدوون مووساپوور کوڕی ڕەحیم" خەڵکی شاری "ڕەبەتـ"ـی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، چالاکێکی ژینگەیی کورد بە ناوی "سیروان کەریم‌زادە" خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری مەریوان، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی "زانیار موعتەمیدی" دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، "ئیمان عەبدی" و "سۆران حوسێن‌زادە"، خەڵکی شاری "مەهاباد"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار، "جەبار پیرووزی"، خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار، "ئەمیر ڕەزایی" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری سنە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار، "ئارام یووسفی"، تەمەن ٣٠ ساڵە، کوڕی "محەممەد"  و خەڵکی "سنە" پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، "ئەکرەم ئەدوایی" تەمەن ٣١ ساڵ و "سیامەک ئەدوایی" تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە شاری سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران..

ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار، "ئارام مورادیان و کامیل نووری" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا. هەر ئەم ڕۆژە سێ ئەندامی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا حاجی ئەحمەدی، پەیمان حاجی ئەحمەدی، کوڕی عەبدوڵڵا و گەلاوێژ عەبدوڵڵاهی دەزگیرانی پەیمان" خەڵکی شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلمان ئەدوایی"، کوڕی "محەممەد" و خەڵکی گوندی "سلێن" لە ناوچەی هەورامانی سەر بە سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، "سۆران محەممەدی" خەڵکی شاری مەهاباد، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، "ئەمیر بایەزیدی ئازەر"، کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "لەج" سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، "ڕەسووڵ لاوازە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

شەوی سێشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "عەلی زولفی"، دانیشتووی شارەکی فەرهەنگییانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "قادر ڕەسووڵپوور" و "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور"، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوە: کوردپا