کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دوو بەلەمی هێزی دەریایی ئەمریکای ڕاگرت

19:35 - 23 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوو بەلەمی هێزی دەریایی ئەمریکای لە ئاوەکانی کەنداو ڕاگرت و سەرنشینەکانی دەستبەسەر کرد.

وەزارەتی بەرگەریی ئەمریکا، پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران دوو بەلەمی هێزی دەریایی ئەمریکای لە ئاوەکانی کەنداو ڕاگرتووە و ١٠ مەلەوانی ئەو بەلەمانەی دەستبەسەر کردووە.

هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێش لەو بارەیەوە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاندووە؛ جان کێری، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی بەدواداچوونی ئەو کێشەیە دەکات و لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران محەممەدجەواد زەریف، ئەو کێشە تاوتوێ دەکات.

بەڵام تا ئێستا کاتی ئازادکردنی ئەو ١٠ مەلوانە دیاری نەکراوە.

هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دوای گرتنی ١٠ مەلەوانی ئەو بەلەمانە لە ڕاپۆرتێکدا ئەو کەسانەی بە متجاوز ناودێر کرد و ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو بەلەمە بە شێوەی نایاسایی سنووری ئاویی ئێرانیان بەزاندووە.

دوای ئەوەیکە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دوو حەوتوو لەمەوبەر چەند مووشەکی بۆ ناوی فرۆکە هەڵگری هێری ترۆمرنـی ئەمریکا و فەرانسە هاویشت، ئەمریکا ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانی بە مەترسیدار و ورووژێنەر ناودێر کرد.

لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوییش‏دا، ڕێژیمی ئێران ١٥ مەلەوانی بریتانیایی کە بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هاتبوونە نێو ئاوەکانی ئێران، لەلایەن هێزی دەریایی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرد.

کێشەی دەستبەسەرکردنی ئەو مەلەوانانەی بریتانیا قەیرانی دیپلۆماتیکی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لێ‏کەوتەوە و دواتر لەسەر هەڕەشەی بریتانیا ئازاد کران.