کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران یەكێك لە مۆرەكانی خۆی لە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودیی دەستبەسەر كرد

15:28 - 5 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: حەسەن كورد میهەن، ئاخوندی نزیك لە پاسدار موحەممەد باقر قاڵیباف، بە تۆمەتی بڕیاردەربوون لە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودی لە تاران دەستبەسەر كرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیلنا، محەممەدڕەزا موحسنی سانی، ئەندامی كۆمیسیۆنی تەناهیی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی كورد میهەن لە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودی ڕایگەیاند: كوردمیهەن، كە بۆ ماوەیەك لە وڵاتی سووریە بوو، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە لایەن بەرپرسانی ئینتزامییەوە لە فڕۆكەخانە دەستبەسەر كرا.

حەسەن كوردمیهەن، ڕێكخەری گشتیی هەیئەتی ئەلڕەزای كۆڕی ئەنساری حیزبوڵڵای كەرەجە و تا ماوەیەك لەمەوپێش تەنیا لەو ناوچەیەدا ناسرابوو.

كوردمیهەن كە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستانی بە ڕووناكییەك بۆ دڵی موستەزعەفان لە قەڵەم دابوو، وێڕای پشتگیری لەو كردەوەیە گوتبووی: باڵوێزخانە چیە؟ چەند كەسێك لێرەن كە پێمان پێدەكەنن. بە بێڕێزییەوە وەدەریان بنێن! حكوومەت كە هیچ ناكات. كۆمەڵێك لاو غیرەتیان نیشان داوە. خۆ ناتوانن پێش بە ئەم هەڵوێستە شۆڕشگیڕانەیە كە بگرن.

شایانی باسە كۆماری ئیسلامی، بەپێی نەریتی هەمیشەیی خۆی، پاش ڕیسوابوون و شكستی هەركام لە سیاسەتە فەرمییەكانی، لە ڕواڵەتدا و تەنیا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، بە شێوەیەكی كاتی، دەست دەداتە قوربانیكردنی بەشێك لە مۆرەكانی خۆی كە وەكوو هێزە یاخییەكان ناویان لێ دەبات و تاوانی ئەو مەسەلانە دەخاتە ئەستۆیان.

ئەوە لە حاڵێكدایە كە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم پاش ئیعدامی شێخ نەمر ئەلنەمر، مۆرەی ڕێژیم لە عەرەبستان، هەڕەشەی لە حكوومەتی عەرەبستان كردبوو كە تۆڵەی ئەو خوێنە بە خوێن دەكەنەوە.