کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی \"هێرمێس\" لەمەڕ وەبەرهێنان لە ئێران هۆشداری دا

14:27 - 7 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاڵمانیی هێرمێس کە تایبەتە بە کاروباری بیمە، ڕایگەیاند کە؛ لێکدانەوەیەکی هەڵەیە کە شیمانەی ئەوە بکرێت لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئێران دەبێتە کانگای وەبەرهێنان بۆ وڵاتانی جیهان.

دوای ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران و گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارە بلۆکە کراوەکانی ئەو وڵاتە، باسی هاوکاریی کۆمپانییە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژئاویی و ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ ئێران گەرم بووە و کێبەرکێی نێوان کۆمپانیا و وڵاتانی جیهان لەسەر قازانجی زیاتر لەم وڵاتە، دەستی پێ کردووە.

بەڵام هاوکاتیش هۆشدارییەکانی کۆمپانیا و ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژئاوایی لەمەڕ ڕیسکی وەبەرهێنان لە ئێران بەرەو زیادبوون چووە.

دوایین هۆشدار، لە لایەن ناوەندی بیمەی ئێویلر هێرمێس دراوە و تێیدا کارناسێکی باڵای هێرمێس بە نێوی لۆدویچ شۆربان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە؛ ڕاستە کە ئێران بە پەلە پێویستی بە بەرهەمهێنان و تکنیک هەیە، بەڵام ئەوە نابێ ببێتە هۆی ئەوە کە پێت وابێت لە کووچە و کۆڵانەکانی ئێران پووڵ و پارە ڕژاوە و ئێران بۆتە خزێنە بۆ وەبەرهێنان.

هێرمێس هەروەها ئاشکرای کرد کە بەربەستی ئیداری، نەبوونی کۆمپانیای خەدەماتی، نەمانی ئیعتباری بانکە ئێرانییەکان و دابەزینی بەهای دراوی ئێران و تێکچوونی هاوکێشە سیاسییەکان و لە هەموویان گرینگتر گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکان کە بە هۆی بوونی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە کردەوە تیرۆریستیەکانی ناوچەدا و هەروەها هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی توانایی مووشەکی، خرانە سەر ئێران، بەربەستە سەرەکییەکانی سەر ڕێگەی وەبەرهێنان لە ئێرانن.