کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا وێبینارێکی تایبەت بە یادی ٧٥ـەمین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە برد

11:31 - 7 رێبەندان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی ئورووپا، وێبینارێکی تایبەتی بۆ ''کەریم پەرویزی'' ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی جێژنی ٢ی ڕێبەندان "٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان" بۆ کۆمیتەکانی ئەو هەرێمە بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەو وێبینارە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. 

دواتر ''کەریم پەرویزی'' لە شیکردنەوەیەکی فرە ڕەهەنددا ئاوڕی لەلایەنە جیاجیاکانی کۆماری کوردستان و پێویستیی دروستبوونی ئەو کۆمارە و هەروەها ڕۆڵ و کەسایەتیی بەرزی شەهید پێشەوا ''قازی محەممەد'' و باکڕاوەند و کارتێکەریی کۆماری کوردستان و سەرکۆماری کوردستان پێشەوا ''قازی محەممەد'' بەسەر گەلی کورد و هزر و ئەندێشەی کۆمەڵگای کوردی بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی کرد.

"پەرویزی" لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: "سەرەڕای یادکردنەوە لە کۆماری کوردستان و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە کۆماری کوردستان ڕۆڵیان گێڕا و ئەو هەموو دەستکەوتە بەنرخەیان بۆ گەلی کورد بەدەست هێناوە، پێویستە کە کۆماری کوردستان لە گۆشەنیگای جیاوازدا چاوی لێ بکەین کە یەکێک لەو تەوەرە گرینگانەی ناسنامەیە، واتا ئێمە وەکوو هەر مڕۆڤێک پرسێکی گرینگمان هەیە بە ناوی پرسی ناسنامە. ئێمە یەکەم پرسیارێک کە بەرەوڕوومان دەبێتەوە، کێین؟ ئێمە کێین و خۆمان چۆن پێناسە دەکەین؟ ئەوەش پرسیارێکی بنەڕەتییە کە بەرەوڕووی هەر ئینسانێک دەبێتەوە. پرسی ناسنامە پرسێکی جەوهەرییە کە تۆ وەختێک خۆت بە شتێک پێناسە دەکەی و پێناسەیەک بۆ خۆت تەعریف دەکەی، لە دوای ئەوە شێوازی ژیان، شێوازی کار، ئاوات و ئامانجەکان و دواڕۆژەکان هەموویان لەسەر ئەساسی ئەو پێناسەیە دەست نیشان دەکرێ. پرسی پێناسە و ناسنامە، ئەساس و جەوهەرێکە کە لە کۆماری کوردستاندا بە شێوازێکی دیکە و بەناسنامەیەکی دیکەوە بۆمان تەعریف و دروست دەکاتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاوڕی لە کەسایەتی بەرزی شەهید پێشەوا ''قازی محەممەد'' چ وەک سەرکۆمار لە کۆماری کوردستان و چ وەک ڕێبەری حیزبی دێموکرات دایەوە و هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕێبازی دێموکرات و ئەو نۆرمە بەنرخانە کرد کە لە کۆماری کوردستاندا وەک دەستکەوتی بە نرخی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد بەجێ ماون و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە هەمان کاتدا دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بووە، پاش ٧٥ ساڵ هەروا لەسەر ئەو ڕێگەیە درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدا و دەستکەوتەکانی کۆماری وەک چرای ڕێگای خەبات و تێکۆشان بە بنەما گرتووە.

''کەریم پەرویزی'' لە دوایین بەشی قسەکانیدا ئاوڕی لە خەباتی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی تۆتالیتێری ئاخوندی و هەموو ئەو کردەوە و سیاسەتە چەوتانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دایەوە کە لە ماوی زیاتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی پەیڕەوی کردوون.

لە کۆتا بەشی وێبینارەکەدا ''پەرویزی'' وڵامی پرسیار و ڕەخنە و تێبینی بەشداربوانی دایەوە.