کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بۆ جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

14:11 - 16 گەلاوێژ 2720

ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەرزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

ئاگادارییەک لە ڕێکخستنی گشتی دەرەوەی وڵات بەبۆنەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژەوە

کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان!

ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

بە ناوی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بەبۆنەی تێپەڕینی ٧٥ ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە شانازیی حیزبە خۆشەویستەکەمان، حیزبی ڕێبەرانی شەهید " قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی" و هەزاران تێکۆشەری گەلە قارەمانەکەمان پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو لایەکتان دەکەین و هیوای گەیشتن بە مافە نەتەوایەتی و ئامانجە ڕەواکانمان دەخوازین.

هەروەک ئاگادارن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، واتە بیست و پێنجی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی، پێ دەنێتە یوبێلی ئەڵماسیی ٧٥ ساڵەی تەمەنی پڕ لە خەباتی شکۆدار و سەروەریی خۆی و یادی دامەزرانی جێژن دەگرێت.

لە کاتێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا لە بۆنە نەتەوەییەکانی خۆی غافڵ نەبووە و بەرێزەوە یادی کردوونەوە و ڕێوڕەسمی تایبەتی جەماوەری بۆ ڕێکخستوون، مخابن لە یوبێلی ٧٥ساڵەیدا و بەهۆی گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و یاسای گشتیی وڵاتان لەپێناو بنبڕکردنی ئەو ڤایرۆسه کوشندەیە کە بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەتەوە و قەیران و مەترسی بۆ سەر گیانی مڕۆڤەکان لێکەوتووەتەوە، ناچارین هەتا گەڕانەوەی سەقامگیری بە مێتود و شێوازی تر ڕێز لە بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکان بگرین. هەر بۆیەش بۆ ئەو مەبەستە حیزبی دێموکرات هەیئەتێکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی جێژنی ٧٥ساڵەی دامەزرانی پێکهێناوە.

هەیئەتی دیاریکراو بۆ ماوەی دە شەو، بە مەبەستی یادکردنەوە و رێزگرتن لە جێژنی پیرۆزی ٢٥ی گەلاوێژ، جێژنی دامەزرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان بە شێوازی پێکهێنانی وێبناری تایبەت، لە ڕێکەوتی ٨ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی هەتا ١٨ی ئاگوست و بە بەشداری کەسانی ئاکادمیک و شارەزا بە شێوازی ئۆنلاین بەرێوە دەبات.

لەو پێوەندییەدا بانگهێشتی هەموو لایەک و بەتایبەتیش ئەندامان و دڵسۆزانی گەلەکەمان دەکەین کە بە بەشداریی خۆتان شکۆی زیاتر بە یوبێلی ئەڵماسیی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکرات ببەخشن و وێبنارەکان دەوڵەمەندتر بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخستنی گشتی دەرەوەی وڵات