کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پەیامێکی بڵاو کردەوە

17:51 - 25 گەلاوێژ 2720

ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٥ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

‌‎کۆمەڵانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی کوردستان

‌‎هۆگران و ئەویندارانی ڕێبازی دێموکرات

‌‎ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات

‌‎بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

‌‎زیندانییانی سەربەرز و خۆڕاگری سیاسی

‌‎٧٥ ساڵ لەمەوبەر بەپێی زەروورەتێکی سیاسی و بە پاشخانێکی مێژوویی و لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ-ک)، بە مەبەستی ڕێکخستنی خەباتی نەتەوەی کورد و لە هەلومەرجی سیاسیی نوێی ناوچەکەدا و لەسەر دەستی نەمر پێشەوا ''قازی محەممەد''، حیزبی دێموکرات، حیزبی خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەستێرەی پڕشنگداری جووڵانەوەی میللی - دێموكراتیكی گەلی كورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان دامەزرا و لە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ٧٥ ساڵ لە تەمەنی پڕ لە شانازی و سەروەریی خۆی تێپەڕ دەکات و یووبیلی ئەڵماس لە بەرۆکی خۆی دەدات.

‌‎بە دامەزرانی حیزبی دێموکرات، کورد و تەڤگەری ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان پێیان نایە قۆناغێکی نوێ لە خەباتێکی مۆدێڕن و سەردەمیانە و خاوەن بەرنامەیەکی سیاسی و پێشکەوتنخوازانە.

حیزبی دێموکرات بە درێژایی ژیانی سیاسی و قۆناغە سەختەکانی خەبات و تێکۆشانی لە ماوەی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا بۆ ساتێکیش بێت لە چالاکی و خەبات سڵی نەکردووەتەوە و دێڕ بە دێڕی مێژووی تێکۆشانی حیزبەکەمان لە وەرزە زێڕینەکانی خەباتدا تۆمار کراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوەکانی لەپێناو ئاشتی و ئازادی و وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا پتەوتر کردووە.

‌‎بەم بۆنە پیرۆزەوە بە ناوی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات ‎پیرۆزبایی لە هەموو ئازادیخوازان بەگشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی، کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەتایبەتی دەکەین و هەروەها لە ئاستی گیانی هەموو ئەو شەهید و نەمرانەی کە لە ڕێگای خزمەت بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات‌ و لە ڕەوتی بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەماندا سەریان نایەوە و گیانیان فیدای بەختەوەریی نەتەوەکەیان کرد سەری ڕێز دادەنەوێنین.

‌‎گەلاوێژ، خاڵی گەشانەوەی هیواکان لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و مافویستی کوردستان پیرۆز و هیواتان بەرزتر بێت.

‌‎ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەروەوەی وڵات

‌‎٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی