کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوەیەکی تەشکیلاتی بەڕێوە برد

17:33 - 11 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی بۆ سەرجەم کومیتەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات ڕێکەوتی ٩و١٠ی مانگی خەرمانان کۆبوونەوەیەکی بەرینی بۆ بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات لە شاری برێمنی ئاڵمان بەڕێوە برد .

کۆبوونەوەکە بە بەشداری ''دارا ناتق'' جێگری بەرپرسی دەزگای گشتیی ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ''کاوە عەبداڵی'' بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، بەرپرسان و جێگرەکانی ناوەندەکانی ڕێکخستن و بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکی کاری کوبوونەوەکەدا ''تاهیر مەحموودی'' بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگای واتس ئاپەوە لەسەر گرینگیی کاری ڕێکخستن و بەتایبەت ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات و کاری کۆبوونەوەکەی وڵاتی ئاڵمان، ڕاسانی ڕۆژهەڵات و پشتیوانی هەمەلایەنەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات،  هەلومەرجی سیاسیی ناوچە و جیهان و بەتایبەت گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا قسەی کرد.

دواتر'' کاوەعەبداڵی'' بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات دەرەوەی وڵات بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند و پێویستیی گرتنی ئەو کۆبوونەوەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

لە بەشێکیتری کاری کۆبوونەوەکەدا ''دارا ناتق'' جێگری بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات قسەی کرد.

ناتق لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کۆنگرەی شازدە، ساختاری نوێی حیزب و ئەو ڕێکار و میکانیزمانە کرد کە لە ئیستادا حیزبی دێموکرات کاریان پێ دەکا.

لە بڕگەیەکیتری کاری کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی ناوەندەکانی ڕێکخستن و جێگرەکانیان قسەیان کرد.

لەم  کۆبوونەوەدا ، بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکەی ئازاد و کراوە بەشداریی هەموو گفتوگۆکانیان کرد و ڕەخنە، پیشنیار و تێبینییەکانیان  ڕوو لە بەرپرسانی ڕێکخستن لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان خستە روو.

ئەو ڕەخنە و پێشنیارانە لە ڕەشنووسێکدا پۆلێنبەندی کران و وەک ڕاسپاردەی تایبەت بە پێداچوونەوە و داڕشتنی ئایینامە تەشکیلاتییەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات ڕادەستی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات کران.

هەروەها، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی ڕێوڕەسمی یادی سی ساڵەی شەهیدان دوکتور ''قاسملوو'' و ''عەبدوڵڵا قادری ئازەر'' لە برۆکسێل کە بە ڕاسانی تاراوگە ناسراوە و کۆمیتەی بێلژیک ڕۆڵی گرینگی گێڕا، لە لایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات لەوحی ڕێزلێنان بەو کۆمیتەیه بەخشرا.