کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەند زارعی: ئەرکی هەموو ئەندامێکی ژیر و هۆشیاری کوردە کە هەوڵ بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و دابونەریتی کوردی بدات

16:14 - 28 رێبەندان 2721

وتووێژ: بێهزاد قادری

لە بەرەبەری ٢١ی فێبریوەر ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "ڕەند زارعی" نووسەر و وەرگێڕ پێک هێناوە کە پێشکەشتانی دەکەین. لەم وتووێژەدا دەپەرژێینە سەر ئەرکی نووسەر، وەرگێڕ، مامۆستا، تاکی کورد و ئەنجومەنە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی کوردستان لەهەمبەر پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایکی.

"ڕەند زارعی" ساڵی ١٩٨٢ی زایینی لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا هاتۆتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پێشمەرگە بووە. ئێستا لە وڵاتی سوید دەژی. لە کوردستان کارگێڕی کار و لە نۆروێژ لە زانکۆی ئۆسڵۆ، کۆمەڵناسیی خوێندووە. ناوبراو لە بواری وەرگێڕاندا چەند بەرهەمی چاپ و بڵاوکردۆتەوە کە ناسراوترینیان "ئۆستوورەی چوارچێوە، بیرمەندان، تیۆری ڕێکخراو، نێتۆشکا و مێژووی دوواوانـ"ـە، هەروەها "فەرهەنگی ڕەند" کە گەورەترین کۆکراوەی پەندی پێشینیانی کوردییە و زیاتر لە ٥٠ هەزار پەندی کوردی بە هەموو زارەکانی کوردی لەخۆ گرتووە، لە بەرهەمەکانی "ڕەند زارعیـ"ـیە. ڕۆمانی "هانا" دوایین بەرهەمی نووسەرە کە تەوەری سەرەکی خۆناسی و خۆناساندنی کوردە لە زمانی خۆیەوە و لە ڕێگای هێما کۆنەکانی کولتووری کوردەوە.

- ده‌سه‌ڵاتی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی لە تاکی کورد زەوت کردووە، لە وەها دۆخێکدا ئەرکی نووسەر و شاعیری کورد لەهەمبەر پاراستن و گەشەی زمانی دایکی چییە؟

وێڕای سپاس بۆ ئاوڕلێدانەوە و تێڕادیویتان لە من و ماندوونەبوونیتان لێ دەکەم. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەر کە گوتمان داگیرکەر – دەشزانین کە کوردستان داگیر کراوە -، بەشێک لە وڵامەکە ڕوون دەبێتەوە. نەک هەر داگیرکاری کوردستان لەلایەن ئەو دەوڵەتە دەستکرد و گرێبەستانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، بەڵکە هەر تایبەتمەندیی سەرەکیی داگیرکەران سڕینەوە، سووتاندن و قڕ تێخستنە لەو شوێنەی داگیریان کردووە. تۆ سەرنج بدە، نەک هەر خەڵک، بەڵکە هەرچی گیاندار و بێگیانی بن-زەوی و ڕووی-زەوی وڵاتانی داگیرکراو یان بە تاڵان بردراوە، لێی دراوە یان ڕەنگی گۆڕدراوە و بۆتە ئەوە کە داگیرکەر ویستوویەتی. جا هەموو ئەو هێمایانە لە کوردستانی داگیرکراویشدا دەبینی.

جا من بۆ ئەو پێشەکییە سیاسی و مێژووییەم بۆ داگیرکەری باس کرد؟ چونکە ئەوانە شتی بەرچاوەکی و دیارن، بەڵام هەموو وڵات و نیشتیمانێک لایەنی نادیار و نابەرچاوەکیشی هەیە کە ئەویش لەگەڵ ئەو داگیرکارییەدا هەوڵی سڕینەوە و قڕکردن و نەمانی دەدرێ، بۆ وێنە زمان، ئایین، کولتوور و هەموو باوەڕە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و هەتا دوایی. کەوابوو زمانی کوردیش لەگەڵ داگیرکرانی کوردستان، وەک هەموو شتەکانی دیکەی نیشتیمان بەردەوام مەترسیی جیددی لەسەر بووە و هەیە.

ئێستا ئێمە هۆکار و مێژوو و لایەنە دیارونادیارەکانی باسەکەمان ڕوون کردەوە، لەبۆیە وڵامی ماکەی پرسیارەکەمان هاسانتر کردەوە کە باشە چلۆن بەرپرچی ئەم داگیرکارییە بدەینەوە؟ کە وڵاتێک داگیر دەکرێ، ئەرکی هەرچی مرۆی ژیر و هۆشیارە، دووپاتی دەکەمەوە ژیر و هۆشیار، کە هەستیار بێ و بەرگری لە خاک و کەڕامەت و باوەڕی خۆی بکا کە مانای بوون و هەبوونن بۆ ئەوان مرۆڤان.

ئێستا سەرەکیترین ئەرکی ئێمە، هەموومان، بە پلەی یەکەم گرینگیدانە بە زمان و کولتووری کوردی و پاراستنییەتی ئەو سامانە نیشتیمانییە نادیارە، بەڵام یەکجار گرینگەیە کە بەشی سەرەکی ناسنامەی کوردە. هەروەک چۆن ژینگەپارێزان، نەک هەر هەوڵ بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان دەدەن، بەڵکە بەرپرچی قڕکردن و سووتاندن و تاڵانکردن دەدەن، ئەرکی هەموو ئەندامێکی ژیر و هۆشیاری کوردە کە هەوڵ بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و دابونەریتی کوردی بدەن و، لە پلەی دووهەمدا، ئەرکی شاعیران و نووسەران و بە گشتی توێژی ڕووناکبیری کورد ئەوەیە کە هەوڵ بدەن خوێندن بە زمانی کوردی بکەنە بابەتێکی سیتماتیک و لە پەروەردە بۆ منداڵی کورد و لەم هەلومەرجەی ئێستا ئەو مافە بچەسپێنن. واتە پەروەردەی منداڵی کورد بە زمانی دایکی خۆی هەر لە منداڵییەوە تا بەرزترین ئاستەکان و، لە پلەی سێهەمدا، درێژەدان بە خەبات و خزمەت بە زمانی کوردی، هەر لە وەرگێڕان و نووسین و بەرهەمهێنانی سەرچاوە و چاڤکانی دەقی کوردییەوە بگرە تا بابەتی زانستی و ڕاهێنان و فێرکاریی زمانی کوردی – بەتایبەتی ڕێزمان و پاراوکردنی زمانی کوردی – ئەرکێکی پیرۆز و گرینگە و لە پلەی چوارەمدا کە بە بڕوای من یەکجار گرینگ هەستیارە، ئەرکی هەموو ڕۆشنبیران و ئەوانەی چالاکی بواری زمانی کوردین ئەوەیە کە بابەتی گرینگیی پەروەردە و پاراستنی زمانی کوردی بۆ خەڵکی کورد ساکار بکەنەوە و بە زمانێکی خۆماڵی و ڕوون و ساکار لە مەترسییەکان ئاگاداریان بکەنەوە. چونکوو ئەگەر باسەکە ساکار نەکەینەوە، ڕەنگە جۆرێک دابڕان و لێک ترازان دروست ببێ و دواتر وای لێ بێ کە خەمی زمانی کوردی هەر بۆ توێژێک بەجێ بمێنێ. کورد لەم بارەوە ئەزموونی هەیە و چ لە شۆڕشەکانی بەر لە دەرکەوتنی کۆماری کوردستان و چ لە دوای دەسەڵاتی کۆمار و دەرکەوتنی حیزب و ڕێکخراوەکاندا، ئەو سەرۆک و سەرکردانەی کە پرسی کورد و مەترسیی دوژمنانی کوردیان بە زمانێکی ساکار بە خەڵکی کورد گەیاندووە، لە هەمووان پتر کاریگەرییان داناوە و خەڵکیش پتر بە هی خۆیان زانیوە.

کەوابوو دوو بنەما بۆ ئەرکەکانمان زۆر گرینگن: بەردەوامی و بەردەوامی و بەردەوامی و هەروەها ساکارکردنەوەی باسەکان بۆ هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگا. مەبەست لە ساکارکردنەوە ئەوە نییە بڵێین کێشەکەمان شتێکی ساکار و هاسانە و بێخەم بن، مەبەست ئەوەیە بە زمانێکی ساکار باسی ئەو مەترسییە گەورەیە بکەین تا هەمووان کێشەکە بە هی خۆیان بزانن.

- وەرگێڕە کوردەکان لەهەمبەر زمانی دایکی چ بەرپرسیاریەتیگەلێکیان لەسەر شانە و دەبێ لە چ بوارگەلێک کتێب وەربگێڕنە سەر زمانی کوردی؟

هەروەک دەزانین وەرگێڕان ئاڵقەیەکی گرینگە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە باری کولتووری و زانستی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام ڕاستییەکەی گۆڕەپانێکی بەربەرین و باش و لەباریشە بۆ گەشەی زمانەکەمان. زۆر پێویستە ئەو باس و بەرهەمانەی کە لەلایەک بە دڵی خەڵک و خوێنەری کوردە تا زۆرترین خوێنەری کورد بەرهەم بێ و لەلایەکی دیکەش ئەو بابەتانەی باس لە گرینگیی کولتووری و زمانەوانی و پەرەپێدانی زانستی دەکەن بکرێنە کوردی. پێموایە بەم ستراتیژییە دەتوانین باشتر بە مەبەستەکانمان بگەین. لەلایەک خوێنەر پەروەردە بکەین و بەرەو دنیای خوێندنەوە بە زمانی کوردی ڕایانبکێشین و لەلایەکی دیکەشەوە خافڵ نەبین لەوەی کە زمانەکەمان لە بواری زانستی و فیکری و فەلسەفییەوە بچێتە پێش. ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەست بەو بۆشاییە دەکرێ کە بۆچی کتێبی زانستی بە زمانی کوردی ناکرێ بە کوردی و ئەمە خۆی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر فێرخوازی کورد لە زمانەکانی دیکەدا بە دوای زانستدا بگەڕێ.

- ئەنجومەنە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ساڵە لە دۆخێکی پڕ لە سەرکوت و فیلتێر و چاوەدێریی هێزەکانی ڕێژیم چالاکی دەکەن، ئەوان لەم ساڵانەدا چەندە لە پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە؟

لێتان ناشارمەوە کە من پێموایە کۆڵەکەی سەرەکیی گەشەی زمان و کولتوور و دابونەریتی کوردی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەم ئەنجوومەن و ناوەندە خۆبەخشانەن. نەک هەر لە بواری زمان، تەنانەت سرووشت و سامانە گشتی و نەتەوەییەکانیشدا ئەوە ئەوانن وەک پێشمەرگەی سەردەم ئەرکی پاراستنی نیشتیمانیان لە زۆر بواردا گرتۆتە ئەستۆ. دیارە خۆ هەمووان دەزانین بەبێ ئەوەی هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پشت چالاکییە فەرهەنگی و کولتوورییەکانەوە بێ، بەڵام مادام ئەو ڕێکخراو و ناوەندانە دەیانەوێ بەرگری بکەن لە نیشتیمان و مانەوەی زمان و کولتووری خۆیان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی هەر بە چاوی نەیار و دوژمن سەیریان دەکا و ئەوەی لە دەستی هاتووە لە دژیان کردوویەتی، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر ئەم ڕێکخراو و ناوەندە خەڵکی و مەدەنییانە سەر دەکەون و لە کۆتاییدا ناویان لە مێژوودا بە نەمری دەمێنێ.

- لە بواری پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایکی، بەدڵنیاییەوە مامۆستایانی قوتابخانەکانیش ئەرکێکی گەورەیان لەسەر شانە، بەڵام لەم دۆخەدا کە زمانی فارسی زمانی پەروەردە و فێرکارییە، مامۆستای کورد دەبێ چۆن ڕۆڵی خۆی بگێڕێت؟

ڕاشکاوانە بڵێم، چەندە دایک و باوک گرینگن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان بە کوردی پەروەردە بکرێ و ژیانی داهاتووی مسۆگەر و باش بێ، هەر هێندەش ئەو مامۆستایانە کە بە زمانی کوردی لە تەک منداڵانی کورد لەسەر پۆلەکانی وانە وتنەوە دەدوێن. ڕۆژانە شەش بۆ هەشت ساعەت منداڵ گوێی لە مامۆستاکانییەتی و لە تەمەنێکدا گوێ لە مامۆستاکانیان دەگرن کە بەشێکی گرینگ لە کەسایەتیی منداڵ و بنچینەکانی فێربوون و تێگەیشتنی هەر لەو تەمەنەدا پێک دێن. بۆیە، هیوادارم مامۆستایان دڵسۆزانە، منداڵی کورد وەک منداڵی خۆیان چاو لێ بکەن. بە زمانی کوردی لەگەڵیان بدوێن و بە زمانی کوردی وانەکانیان فێر بکەن. هەر لەو تەمەنەوە فێریان بکەن کە زمانی کوردی گرینگە و پێویستە گرینگیی زیاتر و زیاتری پێ بدرێ. پێموایە ئەو مامۆستایەی کە پێی وایە بەپێی یاسا یان بۆ وێنە بەو بیانووە کە منداڵەکان فارسی باشتر فێر دەبن و بۆ داهاتوویان باشە بە زمانی فارسی لەگەڵ منداڵی کورددا دەدوێ و وانەی پێ دەڵێتەوە، خزمەتێکی زۆر بەو سیاسەتی پاکتاوکردنی زمانی کوردییە دەدا کە دوژمنانی کورد گرتوویانەتە بەر و هیچ خزمەتێک بە کورد و کوردستان ناکا و دۆخێکی نالەباری دەروونیش بۆ منداڵەکان لە هەموو ماوەی ژیانیاندا دروست دەکا. ئیتر بیری بکەوە کە ئەوە چ تاوانێکی قورسە کە ویژدانی هەر کەسێکی بە ویژدان ڕادەچلەکێنێ.

- داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە گەشەکردنی زمانی کوردی نادات؛ لە وەها دۆخێکدا کوردی ڕۆژهەڵات چ ئەرکگەلێکیان لە ئەستۆیە؟

دەبێ هەموو شتێک بکەین، هەموو هەوڵێک بدەین تا ئەو ڕەوت و سیاسەتە دژی مرۆڤایەتییە بگۆڕین. ئەم سیاسەتە سیاسەتی دژایەتیکردنە لەگەڵ بوونی کورد، لەگەڵ بوونی جیاوازییەکان لە ئێراندا، لەگەڵ بوونی ئەوەی کە ناسنامەیەکی تر جگە لە ناسنامەی فارسی لە ئێراندا هەبێ، ڕاشکاوانە بڵێم، ئەم سیاسەتە تا سەر ئێسقان فاشیستییە و بەپێی هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی وسیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕەوا نییە و پێویستە بە هەمووان لە دژی بوەستنەوە. پێویستە لە هەموو ئاستەکاندا ئەو سیاسەتە لەقاو بدرێ و هەمووان لە مەترسییەکانی ئاگادار بکرێنەوە. هاوکات تێکەڵاوی و هاتوچۆ و هاوکاریکردنی خەڵک لە هەموو بوارەکاندا، هەر لە ئیلام و لۆڕستانەوە هەتا ماکۆ و سەڵماس یەکێکە لەو ستراتیژییانە کە کوردی ڕۆژهەڵات بۆ لەقاودان و بەرپرچدانەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پێویستە بیگرنە بەر. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دابڕانی خەڵک و ناوچەکان لە یەکتری، بە بیانووی ئەوە کە بۆ وێنە هۆرامی، لەکی، لۆڕی زمانێکی سەربەخۆن یان فارسیی کرماشانی و فارسیی سنەیی و چی و چی دەیهەوێ ڕق و قین و خەمساری بخاتە ناو خەڵکی شوێنەکانی تری کوردستانەوە. ئەم پیلانە دژی کوردانەیە تەنیا بە تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی، هاتووچۆ، هاوکاریکردن و ڕاهێنان و فێرکاری زمانی و گەشەی کولتووریمان پووچەڵ دەبێتەوە.