کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی بەندکراوی سیاسیی کورد بەهۆی نەخۆشی رەوانەی نەخۆشخانە کرا

21:35 - 9 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: مریەم موقەدەسی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە لە زیندانی ئەڤین بەهۆی خراپتر بوونی باری تەندروستیی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری تاران کراوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران بڵاوی کردەوە، \'\'مریەم موقەدەسی\'\' ژنە زیندانیی کوردی خەڵکی نەغەدە لە زیندانی ئەڤین چەند رۆژ پێش ئێستا بەهۆی خراپتر بوونی نەخۆشییەکەی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی ئەڤین، بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری تاران راگوێزراوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە چەند مانگ پێش ئێستا لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی ئەڤین لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو، مانی لە خواردن گرتبوو.
6901.jpg
مریەم موقەدەسی

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، پێداگریی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەمەڕ بینینی کچەکەیان لە سەر تەختی نەخۆشخانە بە ئاکام بووە.
مریەم موقەدەسی ساڵی ١٣٨٩ پاش ئیعدامی فەرزاد کەمانگەر زیندانی سیاسیی کورد و ژمارەیەکی چالاکی سیاسیی دیکە کە بووە هۆی مانگرتنی گشتی لە ئێران و بەتایبەت لە شارەکانی کوردستانی ئێراندا دەسبەسەر و بە \'\'چالاکی و پڕوپاگەندە لە دژی رێژیمی ئێران و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری رێژیم\'\' تۆمەتبار کرا و لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.