کەریم پەرویزی
دەیانهەوێ نەک گوڵ لەم خاکەدا نەڕوێ، تەنانەت بارانیش لەم نیشتمانە نەبارێ تاکوو وڵاتمان قاقڕ و شاخمان سەرنەوی و دۆڵمان پڕ لم و زەلکاو بێ.
کۆلۆنیالیزمی داگیرکەر، بە یارمەتیی بیر و فیکرە فاشیستییەکان، ساڵانێکە پەیتاپەیتا دەسڕێژ و هرووژمیانە بۆ سەر خاک و نیشتمان و ڕۆحی نەتەوەییمان تاکوو لەوپەڕی داماویی و زەلیلیدا دەستەوئەژنۆ دانیشین و چاو لەدەستی خێر و خێراتی ئەوان بین تاکوو پارووە نانێکمان بدەن و دوعای خێریان بۆ بکەین کە ئەوەندە بە لوتفن کە ناهێڵن لە برسانا بمرین.
بیری فاشیستییان و تەماحی داگیرکارییان و تینوێتیی خوێنمژییان ساڵانێکی دوور و درێژە کە نیشتمانەکەمانی ژێر چەکمەی ڕەقی دڵرەقییان خستووە و ڕۆژانە ڕۆڵەکانمان دەکوژن و شەوانە لاوەکانمان بە چاوبەسراوەیی لە چاڵە ڕەشەکاندا ئەشکەنجە دەکەن و بە هیچ تێر نابن و بە هیچیش کۆڵ نادەین.
ئەم ساڵ سەرەڕای هەموو دەرد و نەهامەتییەکانی دیاریی کۆلۆنیالیزمی تاران، هەژاری و بێکاری و برسیەتیی و گەمارۆش کە زیاتر بوو، بەڵام پەتای کۆرۆناش دەردەکان و مەرگەکانی زۆرتر و زۆرتر کرد. ئەمساڵی ڕەشی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە قەرەنتینە و ڕەشەبا و پەتای ڕەش و گرانی و ماڵوێرانی دەستی پێکرد و بە ئێعلامیە پەیتاپەیتاکانی ڕەشپۆشی درێژەی کێشا و لەمساڵدا سەدان و هەزاران ئازیزمان لە دەست چوو. مەرگ دەواری ڕەشی لەمبەر هەیوان و حەوشەی کوردستان هەڵدا و ئاخوندەکانی تارانیش قاقای خۆشییان بوو کە کۆرۆناش هاتووە و یارمەتیدەریانە تاکوو هەم مەرگ زۆرتر و هەم ترس و دڵەڕاوکێ قووڵتر و هەم دۆشداماوی و دەستەوەستانیی خەڵک زیاتر بکرێ؛ بەڵام ئەوەی هەرگیز پێیان قبووڵ نەکراوە و هەردەمیش تووشی سەرسووڕمانی کردوون، وشیاری و لەخۆبردوویی خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی نیشتمان واتە پێشمەرگە بووە کە لە کۆڵان و دۆڵ و شاخ و دەشت و شاری کوردستاندا گەڕان و پەیامی درێژەدانی بەرخۆدانیان بۆ گەل برد و پەیامی خۆشەویستیی شاریان بۆ چیا هێنایەوە.
هەرچی دوژمن هەوڵی داوە کە ساڵ ومانگەکان بە بێهیوایی تێپەڕێ، بەڵام نەورۆز هەرتم ڕەمز و ڕازە گەورەکانی نیشتمانی کوردستانی پێ بووە و ئاگری پیرۆزی نەورۆز بڵێسەی مەشخەڵی هیوای پڕتر و ڕیزی ڕۆڵە گیان لەسەردەستەکانی چڕتر کردووە. نەورۆزی ٢٧٢١ی کوردی، ژیانەوەی هیوایە لە کوردستان و تێزایینی کانیاوە لە شاخەکان و ڕێژنەی مزگێنیی داهاتوویەکی جیاوازە بۆ منداڵانی شار.
نەورۆز، هیوا بە بەردەوامیی ژیان و کڵپەسەندنەوەی کوورەی خەبات ڕوونتر و گڕدارتر دەکا. نەورۆزی ٢٧٢١ی کوردی، نەورۆزی ژیانەوە و بەرپاکردنەوەی شۆڕشی ژیان لە نیشتمان و بونیاتنەرانی و بەتایبەت لە هەموو ئەویندار و ئۆگرانی ڕاسان پیرۆز!