کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردەوە تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان مەحکووم کرا

12:20 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان لە دژی کردەوە تیڕۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە سەدان کەس لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هامبورگ کۆبوونەوە و کردەوە تێرۆریستییەکەی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە کۆیە و ئێعدامکردنی چوار چالاکی سیاسی و  شەهیدبوونی دوو پیشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاڵمان پێکی هێنا، حیزبی چەپەکانی ئاڵمان، کوردانی هەرچوار بەشی کوردستان، عەرەبەکانی ئەهواز و چەند لایەنی ئێرانی بەشداریان کرد و پەیام و وتاریان لە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ پاڵپشتی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و حیزبی دێموکرات خوێندەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردووش لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات لە شاری بێرلینیش لە لایەن کۆمیتەی ناوچەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێرلین و کوردانی شاری بێرلین خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

 لەو خۆپیشاندانەشدا "حاجی جوندی" بە نوێنەرایەتی لە کٶمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان وتارێکی پیشکەش کرد. لە وتارەکەیدا هێرشی دڕندانەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزب و شەهید و بریندارکردنی ژمارەیەک کادری لێهاتووی حیزب و لە سێدارەدانی لاوانی کورد مەحکووم کرد.

لە ڕۆژانی داهاتووشدا و بە بۆنەی ساڵیای تیرۆری شەهید دوکتور شەرەفەکەندی و هاوڕێیانی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و لە سێدارەدانی لاوان لە شارەکانی بێرلین، فرانکفۆرت و شتووتگارد خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت.