کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم پشتیوانییان لە ڕۆژهەڵات کرد

10:34 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: پاش داواکاریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی سوئید، لە شاری ستۆکهۆڵم کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی زوڵملێکراوی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی دەربڕی.

ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک بە بەشداریی چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین کەسایەتیی سیاسیی کورد، ئێرانی و سوئیدی و کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوئید لە شاری ستۆکهۆڵم، بەڕێوە چوو.

بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانە لەژێر ئاڵای کوردستاندا و بە دروشمی "یەکیەتی نیشانەی سەرکەوتنمانە"، دەنگی خۆیان بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەگشتی بەرز کردەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە دوو زمانی کوردی و سوئیدی خوێندرایەوە.

لە بڕگەکانی دیکەدا، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سییاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوئید، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان (لێژنەی سوئید)، پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، پەیامی پشتیوانیی "کایا ئیزۆل"، سەرۆکی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوئید، پەیامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەیامی سازمانی دێموکراتیکی یارسان، پەیامی لاوانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئید، پەیامی "فرێدریک ماڵم"، پارلمانتار و دۆستی کورد لە حیزبی لیبراڵەکانی سوئید، پێشکەش کرا.

ناوئاخنی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی شۆڕشگێڕی و خوێندنەوەی شێعر لەلایەن "ناهید حوسێنی"، "عاشق ئیسماعیلی" و "حەمید شەریفیـ"ـیەوە ڕازێندابوویەوە.

پاشان "ئامینە کاکەباوە"، ئەندامی پێشووی پارلمانی سوئید، لەوبارەوە وێڕای دەربڕینی پشتیوانی، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵه‌تی سوئید گرت کە لەوبارەوە کەمکاریی کراوە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا خاتوو "ئارێز محەممەدی" بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سوئید، بەشداریی کوردانی سوئیدی بەرز نرخاند و لەسەر یەکیەتی و یەکڕیزیی کورد و لایەنەکان جەخت کرایەوە.