کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانییانی دەڤەری واشنتۆن، پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد

10:59 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران  لە هەرێمی ئامریکا، لەسەر بانگهێشتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیران، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد و پشتیوانییان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەز، لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەڤەری واشنتۆنی هەرێمی ئامریکا، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و گەلانی دیکەی ئێران بۆ دەستەبەربوونی داواکارییە سەرەتاییەکانیان و هەروەها پشتیوانی لە مافە ڕەواکانیان کە ژیان، ئاسایش و ئازادیی ڕادەربڕین لە کومەڵگەی ئێراندایە، بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە لە کاتژمێر ۱۲ تا ۲ی پاش نیوەڕۆ بە جۆش و خرۆشیکی باشەوە بەردەوام بوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبە کوردستانی و ئیرانییەکان تێیدا بەشدار بوون.

خۆپیشاندران هەروەها سیاسەتی سەرکوت و توندوتیژیی ڕێژیمی ئێرانیان دژ بە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران بەتوندی مەحکووم کرد و داوایان لە کۆشکی سپی کرد کە لە مافە ڕەواکانی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی پشتیوانی بکات.

لە کۆتاییدا دەقی داواکاریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیران بۆ پشتیوانیی خەڵک لە دەرەوەی وڵات خوێندرایەوە.