کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکانی هەر چوار بەشی کوردستان لە فەرانسە خۆپیشاندانێکیان دژی هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە برد

16:40 - 15 رەزبەر 2721

لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کولتووریی کوردستان (ئاسک)، خۆپیشاندانێک بۆ کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان لە شاری ''ستراسبورگـ''ـی فەرانسە لە بەردەم شورای ئورووپا بەڕێوە چوو.

ئەو گردبوونەوەیە بە مەبەستی دەربڕینی ڕق‌ و بێزاری سەبارەت بە هەڕەشەکان و هێرشی ناڕەوای سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و هۆشداریدان بەنیسبەت ئەو هەوڵانەوە بوو کە بۆ هەڵکەندنی کوردانی سیاسیی پەنابەری ئەو بەشەی نیشتمان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لە ئارادایە.

لە ئاکامی هێرشی بەردەوامی دڕۆنە شەڕکەرەکانی سپای ئێران و بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، زەرە و زیانێکی زۆری مادی و سروشتی وەبەر گوندنشینان کەوتووە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە کۆمەڵەی کولتووریی کوردستانی هان دا تا چالاکییەک وەڕێ بخات.

کۆمەڵەی کولتووریی کوردستان پێداگری لەوە کردەوە کە کوردستان یەک نیشتمانە و نابێ ڕێگە بدەین کە دوژمنان بە سیاسەتی دووڕوویانە، تۆوی دووبەرکی و ناکۆکی لەنێوان ڕۆڵەکانی بڵاو بکەنەوە.

شایانی باسە کە بەپێی هاوئاهەنگیی پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و ئەمنییەتیی شارەکە، هەیئەتێکی ئیداری هاتنە نێو خۆپیشاندەران و دۆسیەی ئامادەکراوی خۆپیشاندانیان لە دەستەی بەڕێوەبەریی کومەڵەی کولتووریی وەرگرت کە بریتییە لە ڕاپۆرتە هەوڵێک دەربارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە و بەیاننامەی داواکارییەکان. دواتر هەیئەتەکە دڵنیایی ئەوەیان دا کە دۆسیەکەیان بە سکرتاریای شورای ئورووپا، پارلمان و ناوەندی مافی مرۆڤی ئورووپا گەیاندووە.

بەشێکی ئەو بەیاننامەیە و داخوازییەکانی خۆپیشاندەران کە لەنێو ئاپۆڕای بەشداربوواندا خوێندرایەوە بریتی بوو لە:

''دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بە خەیاڵی ئەوەی کە بتوانێت تێکۆشەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەر بکات و پیلانە نگریسەکەی خۆی جێبەجێ بکات، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و گوێدان بە ویستی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەوڵی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەکی دژە مرۆیی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراقدایە.

هەروەک دەزانن کوردستان نیشتمانی گەلێکی ستەملێکراوی چل ملیۆن کەسییە کە لە ڕەوتی مێژوودا بەردەوام تووشی چەندین کارەساتی مرۆیی جۆراوجۆر بووەتەوە. کوردستان لە ئاکامی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا بەسەر چوار وڵاتی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کراوە و لەوێدا کوردەکان بە شێوەی ئاشتیخوازانە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، بەڵام مخابن هیچ یەک لەو وڵاتانە گوێ لە ویست و داواکانیان ناگرن و وەک هەمیشە هەوڵی تواندنەوە و لەنێوبردنیان دەدەن.

ئێمە کوردانی تاراوگە ئەو کردەوە دژە مرۆییانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری تاران ئیدانە دەکەین و داوا لە دام‌ و دەزگاکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ناوەندی شورا و پارلمانی یەکێتی ئورووپا دەکەین: ''سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی سەرەڕۆی تاران دەستنیشان بکەن. توانای دیپلۆماسیی خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە ڕێکەوتنی دژە مرۆیی دەوڵەتانی ئێران و عێراق بەکار بهێنن، مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە فەرمی بناسن و پشتیوانیی لێ بکەن، هەوڵی پاراستن‌ و ئاسایشی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن''.