کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی هاووڵاتییەکی عەرەب لەژێر ئەشکەنجە و دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکە

16:07 - 10 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی ئەهوازی گیانی لەدەست دا و هاوکات دووی دیکەش دەسبەسەر کران.

چالاکانی مافی مرۆڤ ئەهواز بڵاویان کردەوە، حوسێن عەرمەشی کوڕی سەباح، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری ئەهواز، بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی رێژیمی ئێران گیانی لە دەست دا.
بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان پێ راگەیەنراوە و داوایان لێ کراوە کە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی پزیشکی یاسایی بکەن. لە پزیشکی یاساییدا بنەماڵەی عەرمەشی بۆیان دەرکەوتووە کە کوڕەکەیان بەهۆی ئەشکەنجە گیانی لە دەست داوە.
هەتا ئێستا روون نەبووەتە کە چ ناوەندێکی ئەمنیەتی ئەشکەنجەی ئەو هاووڵاتییە عەرەبەی داوە و پزیشکی یاساییش لە دانی زانیاری خۆ دەبوێرێت.
دوو هاووڵاتیی دیکەی عەرەب دەسبەسەر کران
رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی \'\'فەلاحییە\'\'یان بەناوی \'\'کەماڵ تەمیمی\'\' ٣٠ ساڵە و خێزاندار، دەسبەسەر کرد بۆ شوێنێکی نادیار رایانگواست.
چەند رۆژ پێشتریش هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب بەناوی \'\'حەبەش مەشعەلی\'\' تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری حەمیدییە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو.
سەرەڕای تێپەڕ بوونی چەند رۆژ بەسەر دەسبەسەر کرانی ئەو دوو هاووڵاتییە عەرەبە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.