کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی UNPO بە بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

10:41 - 14 رەزبەر 2721

ڕۆژانی شەممە تا یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ تا ١١ی ڕەزبەر، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان (UNPO) بە بەشداریی دوکتور "عەلی عەبدیل زادە"، جيگری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم ڕێکخراوەدا، لە وڵاتی بلژيک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیە بە پەسندکردنی بڕیاری کاریی کۆبوونەوەکە دەستی پێ کرد و پاشان سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی کرد.

لەم ڕاپۆرتەدا سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان گەڵاڵەیەکی سەبارەت بە ستراتیژیی سێ ساڵی داهاتوو بۆ ئەم ڕێکخراوەیە پێشنیار کرد کە دوای باس و هەڵسەنگاندنێکی ورد لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە پەسەند کرا.

ڕاپۆرتی سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان هاوکات باسێکی لەسەر کار و چالاکیی یەک ساڵی ڕابردوو لەخۆ گرتبوو.

بەشێکی تری کاری ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی بۆ باسکردن لەسەر ڕاپۆرتی ماڵی و هەڵسەنگاندنی داواکاریی ئەندامەتی لە ڕێکخراوەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان تەرخان کرابوو.

بڕگەیەکی تری کۆبوونەوەکە بۆ باس و تاوتوێکردن لەسەر ڕەوشی نەتەوەکانی ئەندام لە دەستەی سەرۆکایەتی دانرابوو.

 لەم بەشەدا دوکتور "عەلی عەبدیل زادە" جيگری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم ڕێکخراوەدا، باسێکی لەسەر ڕەوشی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و هاوکات ئاماژەی بە ‌هێرش و دەسدرێژییەکانی ئەم دواییانەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر شاخ و بەرزاییەکانی کوردستان کرد.

بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە بۆ بەرنامەداڕشتن و خۆئامادەکردن بۆ کۆنگرەی داهاتووی ڕێکخراوەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان تەرخان کرابوو کە بڕیارە لە ماوەیەکی کورتدا بەڕێوە بچێت.

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دوای دوو ڕۆژ کاری بەردەوام بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.